ئەردۆغان: دەستوور دەگۆڕین و پرۆژەی سەدەی تورکیا جێبەجێ دەکەین

ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا سوێندی یاسایی خوارد
رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

دوای سەرکەوتنی لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و لە گوتارێکدا جەختی لەسەر گۆڕینی دەستوور و دەستپێکردنی پرۆژەی سەدەی نوێی تورکیا کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بەردەم خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا کە دوێنێ هەینی ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە وەک بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکایەتی دانیشتنەکان دەکات، بەڵگەنامەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان بە سەرۆکی تورکیا پێشکەش بە ئەردۆغان کرد.

دواتریش ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، سوێندی یاسایی خوارد و جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی تورکیا کردەوە.

دوای کۆتایی هاتنی رێورەسمی سوێندخواردن، ئەردۆغان سەردانی گۆڕی ئەتاتورکی کرد و پاشان بە ئامادەبوونی سەرۆکی 21 وڵات و نوێنەر و بەرپرسانی باڵای زیاتر لە 70 وڵات لە کۆشکی چانکایە لە ئەنقەرە رێورەسمی دەستبەکاربوونی ئەنجامدا و گوتارێکی پێشکەشکرد.

ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بە سەرکەوتنیان لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی کرد و رایگەیاند، گەلی تورکیا متمانەی بە ئێمە بەخشییەوە بۆ ئەوەی لە پێنج ساڵی داهاتوودا جارێکی خزمەتیان بکەین و لە پرۆژەکانمان بەردەوام بین و جەختی لەسەر پابەندبوون بە یاسا و دەستوور کردەوە.

هەروەها ئەردۆغان ئاشکرایکرد، ئەمشەو کابینەی نوێی حکومەت رادەگەیەنێت و رۆژی سێ شەممەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەی ئەنجام دەدات.

سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد و رایگەیاند، هەرچەندە لە تورکیا خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی باش نین و بەرژەوەندی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گەلەوە، بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی رۆژی 28ـی ئایار، قۆناغی هەڵبژاردن کۆتایی هات و ئێمەش نیازی تۆڵەکردنەوەمان نییە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەدۆغان جەختی لەسەر پرۆژەی قۆناغی فەرمانڕەوایی داهاتووی خۆی کرد و رایگەیاند، دوای 21 ساڵ لە خزمەتکردنی تورکیا لە هەموو بوارەکان، بۆ پێنج ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی ئابووری تورکیا و چارەسەرکردنی کێشەکان و وەلانانی کەموکوڕییەکان.

ئەردۆغان ئاشکراشیکرد، دەستبەکاربوونیان لەم خولەی سەرۆکایەتیدا کە هاوکاتە لەگەڵ سەد ساڵەی کۆماری تورکیا، لەم خولەی سەرۆکایەتیدا جارێکی دیکە دەستووری وڵاتەکەیان دادەرێژنەوە و دەست بە پرۆژەی سەدەی نوێی تورکیا دەکەن و پابەندبوونی خۆشی بە بنەماکانی ئەتاتورک و دیموکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان دووپاتکردەوە.

هەروەها ئەردۆغان داوای لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کرد، بێنە پێشەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانەوەی سەدەی نوێی تورکیا و هەموو ئەو نیگەرانی و توڕەبوونەی لەماوەی رابردوودا و لە هەڵبژاردنەکان هەبووە، وەلای بنێن و "وەک هەمیشە کە دەستی ئاشتەواییان بۆ درێژدەکەین مسمان نیشان نەدەن و ئەمجارە چاوەڕێی هەڵوێستی نوێیان لێدەکەین".

لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەشی، ئەردۆغان بەبێ ئەوەی باس لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی بکات لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی، ئاماژەی بە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەتی دۆستایەتی و پەیوەندی ئاسایی کرد لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری رێورەسمی دەستبەکاربوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، وەک سەرۆک کۆماری تورکیا، ئێوارەخوانێک بۆ هەموو میوانە ئامادەبووەکانی رێورەسمەکەی ئامادە دەکات و دواتر بە فەرمی دەست بە کاروبارەکانی دەکاتەوە وەک سەرۆک کۆماری تورکیا.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن 84.15% بووە.

لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن،  27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.