دە چەكداری داعش لە چیای حەمرین كوژران

K24 – هەولێر:

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راگەیەندراوێکی  بڵاویكردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق مۆڵگە و حەشارگەكانی داعشییان لە چیای حەمرین بۆردوومان كردووە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەشدا دە چەکداری داعش کوژران.

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەدا، "هێزە چەکدارەکانمان توانیان لە ماوەی 24 کاتژمێردا، لە چیای حەمرین دە چەکداری داعش بکوژن و چەندین حەشارگەشیان خاپوور بکەن".

ئەیوب مه‌سڕی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقی دروستکرد، و ئەبو عومەر ئەلبەغدادی وەکو سەرکردەی نوێی ئەو رێکخراوە دەستنیشانکرد، هەروەها له‌ نیسانی 2010 ئەبو عومەر ئەلبەغدادی و مەسڕی لەهێرشێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و عێراقدا کوژران و ئەبوبەکر ئەلبەغدادی بووە سەرۆکی نوێی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق.

دواتر له‌ نیسانی 2013 بەغدادی رایگەیاند، گروپەکەی بۆ دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام(داعش) گۆڕیوە، ئەوەش لەدوای ئەوە هات کە جەبهەتولنوسرەی لەخۆگرت، کە بە بەرەی نوسرە ناسرابوو و سەربە ئه‌لقاعیدە بوون، له‌ کانوونی یەکەمی 2014 داعش کۆنترۆڵی رەقەی سووریای کرد و وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی رایگەیاند، له‌ حوزەیرانی 2014 لەیەکێک لە هێرشە گەورەکانی داعشدا، ئەو رێکخراوە کۆنترۆڵی مووسڵ و تکریتی کرد.