ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێک لەسەر دروستكردن و فرۆشتنی ئامێری گزیكردن راگەیاند

وێنەی تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە
وێنەی تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ئامێری گزیكردن (غش) دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تیمەكانمان توانییان ناسنامەی تۆمەتبارێك ئاشكرابكەن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ئامێری گزیكردن (غش) یان دەكرد، بۆیە لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و دراوەتە دادگا.

هاوکات ئاسایشی هەولێر داوا لە سەرجەم قوتابییان دەکات خۆیان لەو كەسانە بەدوور بگرن كە بانگەشەی لەو جۆرە کارە دەكەن و كاتی خۆیان و دەرفەتی خوێندنەكەیان بەفیرۆ نەدەن، بەهۆی ئەوەی ئەم جۆرە ئامێرانە نایاسایین و هیچ سوودێكیش بە قوتابییان ناگەیەنن، لەلای هەر كەسێكیش بێت، دەستگیر دەكرێت و رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (18ـی ئایاری 2023)، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی چەند کەسێکی دیکەی راگەیاند کە بە هەمان شێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگەشەی فرۆشتنی پرسیارەکانی پۆلی 12 و ئامێری گزیکردنیان کردبوو.

رۆژی یەکشەممە (30ـی نیسانی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لەسەر سکاڵای یاسایی وەزارەتی پەروەردە، چەندین باندی فریوودەریان دەستگیرکردووە، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان قوتابیانیان فریوداوە بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ گزیکردن (غش).