خەیری بۆزانی بۆ كوردستان24: شه‌ش كچی دیكه‌ی ئێزدی به كه‌سوكاریان شادبوونه‌وه
K24 – هەولێر:
شه‌ش كچی دیكه‌ی ئێزدی کە لە ساڵی 2014 داعش رفاندبوونی، ئەمڕۆ شەممە ئازادکران و گەڕێندرانەوە هەولێر.
خەیری بۆزانی سەرپەرشتیاری دۆسییەی رزگارکراوانی ئێزدی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم شه‌ش كچه بە هەوڵی نادییە موراد باڵوێزی ئاشتی لە نەتەوەیەكگرتووەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازادکراون.
خەیری بۆزانی گوتیشی: "ئەم كچانه تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 14 ساڵیدایە و ئەوکاتەی رفێندرابوون منداڵبوون و ئێستا کە رزگاركراون دڵخۆشن كه بە کەسوکاریان شادبوونەتەوە، چونکە نەهامەتی زۆریان بە دەستی داعش بینیووە".
سەرپەرشتیاری دۆسییەی رزگارکراوانی ئێزیدی ده‌شڵێت: "تاکو ئێستا سێ هەزار و 568 ئێزیدی رزگارکراون".
پێشتریش نادیه موراد له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تویته‌ر ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، دوای چەند هەفتەیەک لە بەدواداچوون و کارکردن، "خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم، توانرا شەش كچی ئێزدی له ژێر ده‌ستی داعش ئازاد بکەین".
گوتبوشی: "ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی نووسینگه‌ی تایبەت بە رزگارکردنی ژن و کچە رفێنراوەکانی ئێزدی له سەرۆکایه‌تی هەرێمی کوردستان نه‌بووایه، ئه‌و شه‌ش كچه ئێزدییه لە دیلێتی داعش رزگارنه‌ده‌كران".
رۆژی (3ی ئاب/ئۆگێستی 2014)، تیرۆریستانی داعش هێرشیانكرده سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كه‌یان كرد.
له‌و هێرشه‌دا، تیرۆریستانی داعش زیاتر له 6500 ئافره‌ت و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر له 350 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوون. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 2500 ئێزدیش تاكو ئێستا بێسه‌روشوێنن.
رۆژی 13ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2015)، له ئۆپراسیۆنێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، شنگالی له ده‌ست تیرۆریستانی داعش ئازادكرد.