رێژوان مەرجان گەشتێکی گۆرانی فۆلکلۆری لەگەڵ نەوای ھەولێر بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:

تیپی نەوای ھەولێر لە دوا بەرھەمی ھونەری خۆیدا، گەشتێکی گۆرانی فۆلکلۆرییان بە ستایلێکی نوێ بۆ ھونەرمەندی لاو رێژوان ھونەر مەرجان تۆمارکرد، کە چەپکێک لە گۆرانیە فۆلکلۆرییەکانی گەورە ھونەرمەندانی لەخۆ گرتووە.

رێژوان مەرجان، لە بارەی گەشتە ھونەرییەکەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دوای تۆمارکردنی گۆرانی دایە، کە یەکێکبوو لەو بەرھەمانەی جێگەی خۆی لە دڵی ھەوادارانم کردەوە و وای لێکردم، کە کار بۆ گەشتێکی گۆرانی فۆلکلۆری بکەم و جارێکی دیکە گۆرانیە رەسەنەکان بە ستایلێکی سەردەمیانە بڵێمەوە و لە دەرفەتێکدا بڵاوی بکەمەوە، کە دڵنیام دەبێتە بەرھەمێکی بەپێز و پێشوازییەکی گەرمی لێوە دەکرێت".

هەروەها راشیگەیاند، "گۆرانییەکانی نێو ئەو گەشتە تا بە ئەمڕۆش دەگات ھەر زیندوون و لەگەڵماندا دەژین، بۆیە بڕیارمدا لەگەڵ تیپی نەوای ھەولێر، کە ھەریەک لە ھونەرمەندان فەرھەنگ غەفوور و وشیار واحید مەرجان سەرپەرشتی دەکەن، دەستمانکرد بە تۆمارکردنی گەشتە ھونەرییە فۆلکلۆرییەکە و لەگەڵ ھەریەک لە رێنوار مەرجان و خاتو ئیران لە پەڕەی تایبەتی خۆم لە یوتیوب بڵاوم کردووەتەوە و لە یەکەم رۆژی بڵاوبوونەوەشی پێشوازییەکی گەرم لەو گەشتە ھونەرییە کرا و بینەرێکی زۆری ھەیە".

لە کۆتایی قسەکانیشدا ئەوەی درکاند، لە ئێستادا سەرقاڵی تۆمارکردنی ھەشت تراکی نوێی موزیکییە بە عودەکەی دەستی و لە وڵاتی تورکیا کارە ھونەرییەکانی جێبەجێکردووە و دەیەوێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاویان بکاتەوە.