کونسوڵخانەی فەرەنسا لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی لە سلێمانی نیگەرانە

ئاسایش: بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکە دوور خراونەتەوە
شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 – هەولێر

کونسوڵخانەی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانە لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی وڵاتەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە ئەو رۆژنامەنوسە (فەرەنسی)یە دەستگیرکرابێت و، دەڵێت: "لەلایەن ئاساییشەوە بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکە دوور خراونەتەوە".

لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی فەرەنسا نووسیویەتی: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنی هەڕەمەکی رۆژنامەنووسێکی فەرەنسی و کچە هاوکارەکەی دەکەین لە رۆژی 2ی حوزەیرانی 2023 لە پارێزگای سلێمانی".

لە بەرامبەردا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "دوای ئەوەی رۆژی 2/6/2023 رۆژنامەنوسێکی فەرەنسی بە ناوی (بێنوا بینیامین جۆسێف) و هاوەڵە وەرگێڕەکەی سەردانی ناوچەی (گەڵاڵە)ی ماوەت دەکەن، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی ئەو ناوچەیە لە رووی ئەمنییەوە ناوچەیەکی مەترسیدارە و هەرچی زووە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام ئەوان پێداگری دەکەن لەوەی بڕۆن، دواتر لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و داوایان لێدەکرێت لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، چونکە لە رووی ئەمنیەوە ئەو شوێنە هەستیارە و لەو کاتەشدا درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، "دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ رۆژنامەنووسە فەرەنسیەکە کردووە و گواستراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و بەڕێزانمان لە کونسوڵخانەی فەرەنسا ئاگادارکردووەتەوە و دڵنیا کراونەتەوە لە سەلامەتی گیانی هاووڵاتیەکەیان".