کۆریای باکوور: بەردەوام دەبین لە هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی بۆ بۆشایی ئاسمان

کیم یۆ جۆنگ و کیم جۆنگ ئون
کیم یۆ جۆنگ و کیم جۆنگ ئون

K24 - هەولێر

ئەمەریکا هەفتەی رابردوو داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردبوو، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی کۆریای باکوور بۆ دانانی یەکەم مانگی دەستکردی سیخوڕی لە بۆشایی ئاسمان، هەوڵەکەش بە شکست کۆتاییهات بە کەوتنی بزوێنەری دووەمی مووشەکەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی حوزەیرانی 2023، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای، رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەنجومەنەکە وەک "چاودێری سیاسی" ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مامەڵە دەکات بە قبوڵکردنی داواکارییەکەی واشنتن و پشتگوێخستنی مافی وڵات بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانی پەیوەست بە بۆشایی ئاسمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، "من زۆر توڕەم لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بە شێوەیەکی رۆتینی رەخنە لە مومارەسەی مافە سیاسییەکانمان دەگرێت، لە جێبەجێکردنی خواستەکانی ئەمەریکا، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەوە دەکەین و رەتیدەکەینەوە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆمان و پێشێلکردنی سەروەری ئێمە".

کیم یۆ جۆنگ دەشڵێت: "هەڵدانی مانگی دەستکرد رێکارێکی بەرپەرچدانەوەی رەوایە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی".

خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی هەرگیز دان بە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نانێت "تەنانەت ئەگەر سەدان و هەزاران جاریش بسەپێندرێت" و سوێندی خوارد بەردەوام بێت لە مومارەسەکردنی مافە سەروەرییەکانی خۆی، لەنێویاندا هەڵدانی مانگی دەستکردی سیخوڕی.