گرووپی ڤاگنەر سوپای رووسیا بە دانانی مین لەسەر رێگاکانیان تۆمەتبار دەکات
K24 - هەولێر
فەرماندەی گرووپی ڤاگنەری نزیک لە رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا بۆمبی لەسەر رێگاکانیان دانەوە بۆ زیانگەیاندن پێیان.
ئەوفەرماندەی گرووپی ڤاگنەر کە ئێڤگینی پریگۆجینە، راشیگەیاند، لەکاتی کشانەوەی سەربازەکانیان لە رۆژهەڵاتی شاری باخموت، سوپای رووسیا مینیان بۆ داناون تا برینداریان بکەن و زیان بە هێزەکانیان بگەیەنن.
بەگوتەی پریگۆژین، لەسەر رێگاکانیان و لەچەندان ناوچەی جیاواز ژمارەیەکی زۆر ئامێرە تەقینەوەیان دۆزیوەتەوە کە لەلایەن سەربازە رووسییەکانەوە لەسەر رێگاکانیان دانرابوون.
فەرماندەی ڤاگنەر کە گروپەکەی سەرقاڵی کشانەوەن لەرۆژهەڵاتی شاری باخموت ئاشکرایکرد، هیچ سەربازێکیان زیانی پێنەگەیشتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەمان فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو، بەدرێژایی شەڕی شاری باخموت 20 هەزار چەکداریان لێکوژراوه.
سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ 24ـی شوباتی 2022 دەگەڕێتەوە، کە ئەو کات سوپای رووسیا به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ئۆكرانیا و بههۆیهوه تا ئێستا دەیان هەزار كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون. هاوکات تا ئێستاش جهنگهکە بهردهوامه.