ئوسترالیا بەنیازە پارکێکی دەریایی دروست بکات کە رووبەرەکەی هێندەی ئیسپانیا دەبێت

K24 - هەولێر:

حکومەتی ئوسترالیا بەنیازە لە دەوروبەری دوورگە دوورەکان لە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، پارکێکی دەریایی بە رووبەری 10 هێندەی هەرێمی کوردستان دروست بکات.

ئامانجی پرۆژەکە سێ هێندەکردنی قەبارەی پارکی دەریایی دوورگەی ماکوارییە، بەمەش کۆی ڕووبەری پارێزراوی پارکەکە دەگاتە 475 هەزار و 465 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

تانیا پلێبێرسک، وەزیری ژینگەی ئوسترالیا باسی لەوە کرد، چالاکییەکانی ماسیگرتن و دەرهێنانی کانزا و ماددەکانی دیکە لەو پارکەدا بەتەواوی قەدەغە دەکرێن، تەنیا چالاکی گرتنی ماسی (پاتاگۆنیا) کە گۆشتخۆرن رێگە پێدراو دەبێت.

دوورگەی ماکواری دەکەوێتە نێوان ئوسترالیا و ئەنتارکتیکا و شوێنی نیشتەجێبوونی پەنگوین و سەگی دەریایە، ئەمە جگە لەوەی ناوەندێکی زانستییە بۆ توێژەران و زانیان.

وەزیری ژینگەی ئوسترالیا گوتیشی: دوورگەی ماکواری شوێنێکی ناوازە و سەرسووڕهێنە بۆ گیانلەبەران و ڕووەکەکان، هەروەها شوێنی زاوزێی ملیۆنان باڵندەی و سەگی دەریایی و پەنگوینە.