کوێستان محەممەد: دەمانەوێت گەنجەکانمان ببن بە خاوەن کار و پیشەیی تایبەت بە خۆیان

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەیانەوێت گەنجانی هەرێمی کوردستان هانبدەن ببن بە خاوەن کار و پیشەی خۆیان. دەشڵێت، "کابینەی نۆیەم لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە کاری لەسەر بووژانەوەی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان کردووە."

ئەمڕۆ یەكشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، سەنتەری راهێنانی پیشەیی لە چەمچەماڵ کرایەوە. لەوبارەوە کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کردنەوەی سەنتەرەکە ئاماژەی بەوەکرد، "ئامانجی ئێمە لە کردنەوەی ئەم جۆرە سەنتەرانە و گرنگیدان پێیان بۆ ئەوەیە گەنجەکانمان فێرە پیشەی جیاجیا بکەین و بتوانن لەگەڵ خۆیاندا چەند کەسێکی دیکەش دابمەزرێنن. لیژنەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ بازاڕ دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن لە بازاڕ کام پیشەیە کە هەلی کار دەگونجێنێت بۆ گەنجەکانمان".   

وەکو ئەوەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێ دا، ژمارەیەکی زۆری گەنجانی هەرێمی کوردستان بەشداری خولە جیاجاکانی سەنتەرەکانی سەر بەو وەزارەتە دەکەن و "سەدا 30ـی ئە گەنجانەی بەشدارییان لە خولەکاندا کردووە ئێستا خاوەن پیشە و کاری خۆیانن."

کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە 'سەنتەری راهێنانی پیشەیی' گەنجان رادەهێنێنن و خولیان بۆ دەکەنەوە "دواتر ئەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن دەتوانن سوود لە خولەکان وەربگرن و بتوانن ببن خاوەن پیشەی تایبەت خۆیان".

بەگوتەی کوێستان محەممەد، ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە لە سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خول بۆ گەنجان دەکەنەوە، دوای تەواوبوونی خولەکان، هاوکاری و پێداویستی بۆ دەرچووانی خولەکان دابین دەکەن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن کار و پیشەی تایبەت بە خۆیان.