وەزیری دەرەوەی سووریا: پەیوەندییەکانی سووریا و عێراق ستراتیژین

کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا | وێنە: AFP
کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی سووریا رایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی سووریا و عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا ستراتیژین و هەوڵدەدەن بەهێزتریان بکەن. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، عێراق یەکەم وڵات بوو دەستپێشجەریی بۆ گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا دوای 12 ساڵ لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەی، سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لەبارەی پەیوەندییەکانی دیمەشق – بەغدا، پرسی ئاوارەکانی سووریا و چەند پرسێکی دیکە ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "هەڵوێستی عێراق لەبارەی پاڵپشتیکردن لە گەلی سووریا نەگۆڕە و داوا دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەنگاو بنرێت بۆ رزگارکردنی سووریا لەو دۆخە خراپە مرۆییەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت پرسی ئەو پەنابەرە سوورییانەی لە وڵاتانی ناوچەکە نیشتەجێن. ئێمە 250 هەزار پەناری سووریمان لەباوەش گرتووە، کە زۆرینەیان ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

فوئاد حوسین خۆشحاڵی عێراقی بە گەڕانەوەی سووریا دوای 12 ساڵ بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەڕبری و، وەکو خۆی دەڵێت، عێراق یەکەم وڵات بووە، دەستپێشخەریی کردووە بۆ گەڕانەوەی دیمەشق بۆ نێو کۆمکارەکە. بەگوتەی فوئاد حوسین، "بارودۆخی ئەمنی سووریا راستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر بارودۆخی ئەمنی عێراق و پێچەوانەکەشی راستە".

لای خۆیەوە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا بە ئاماژەدان بەوەی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا،  سوپاسی هەوڵەکانی عێراقیشی کرد بۆ  بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەی. گوتیشی، "پەیوەندییەکانی عێراق و سووریا لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا ستراتیژین".

هاوکات وەزیری دەرەوەی سووریا سوپاسی گەل و حکومەتی عێراقی کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لەماوەی بوومەلەرزەی مانگی شوباتدا پێشکەشی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سووریایان کرد.