نیوزلەندا کێشکردنی گەشتیاران بۆ رێکارەکانی گەشتکردن زیاد دەکات

فڕۆکەیەکی نیوزلەندی
فڕۆکەیەکی نیوزلەندی

K24 – هەولێر:

دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی کە نیوزلەندا داوای لە کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی وڵاتەکەی کردووە، پێش هەر گەشتێک کە لە فڕۆکەخانەی ئۆکلاندی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامی دەدات، پێویستە کێشی گەشتیارەکان بکێشێت.

گەشتیارانی نیوزلەندا ئاماژە بەوەدەکەن، تائێستا لە فڕۆکەخانەکاندا ئاسایی بوو داوای لەبەرکردنەوەی پێڵاوەکان و پشتێنەکانیان و کلیلەکانی گیرفانیان بۆ پشکنین دابنێن، بەڵام ئێستا لایان سەیرە کە دەبێت لەسەر ئامێری خۆکێشان بوەستن، وەک یەکێک لە رێکارەکانی گەشتکردن.

دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی نیوزلەندا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم رێکارە نوێیە تا 2ـی تەمموزی 2023 بەردەوام دەبێت کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی کێشی هەڵگرتنی فڕۆکەکان و لەلایەن خۆیەوە، ئەلیستەر جیمس، شارەزا لە رێکخستنی باری فڕۆکەکان لە کۆمپانیا نیوزلەندییەکە ئاشکرایکردووە، ئەوان کێشی هەموو شتێک لەسەر فڕۆکەکانیان دەپێون، لە کەلوپەلەکان و خۆراک و جانتای گەشتیاران، بۆیە دەتوانن ئەو شتانەی کێشیان دەزانن بەسەر بەشەکانی فڕۆکەدا دابەشی بکەن، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر کێشی گەشتیاران پێویستیان بەوەیە ئەو زانیارییانە کۆبکەنەوە.

هەروەها لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی جیهاندا، بابەتی زانینی کێش پرسێکی کەسییە و زۆرێک لە گەشتیاران نایانەوێت کێشیان لەلایەن کەسانی دیکەوە بزاندرێت، بۆیە کۆمپانیا نیوزلەندییەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە وەرگرتنی کێشی گەشتیارەکان بە پرۆسەیەکی نهێنی ئەنجام دەدرێت و زانیارییەکان بە شاراوەیی دەمەێننەوە.

بەرپرسانی کۆمۆپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی نیوزلەندا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کاتێک کێشی گەشتیارەکان وەردەگیرێت تەنانەت ژمارەکە لەسەر شاشەی کۆمپیوتەری کارمەندی کۆمپانیاکەش نیشان نادات و راستەوخۆ دەچێتە ناو سیستەمەوە و هیچ کەسێک ناتوانێت کێشی گەشتیارێک وەربگرێت، بەڵکو ئەوان تەنیا پێویستیان بە ژمارەکانە بەشێوەی تێکڕا کاری لەسەر دەکەن.