وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كان و بەرپرسی کاروباری وزەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبوونه‌وه‌

K24 – هەولێر:

وەزیری سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ بەرپرسی کاروباری وزەی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، کەمال محەممەد ساڵح وەزیری كاره‌با و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، بۆ دوو بابەتی سەرەکیی نەوت و کارەبا، لەگەڵ کریس دێیڤی بەرپرسی کاروباری وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و زەهرا بێڵ کونسوڵی گشتی و بەرپرسی دۆسییەی ئابووری لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەریان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لە گرنگی رێکەوتنی نێوان هەرێم و عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و هەوڵەکانی نووسینی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ کرد.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا و پڕۆژە و هەلەکانی وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی نەوت و کارەبا.

شاندی باڵای ئەمەریکا ئامانجی سەردانەکەیان بۆ  ئاگاداربوون لە وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری کەرکووک – جه‌یهان و  بوونی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانیان لە هەردوو سێکتەری نەوت و کارەبا گەڕاندەوە.

شاندی باڵای ئەمەریکا لە نزیکەوە گوێبستی هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون. 

شانده‌كه‌ روونیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاتەکەی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، بەتایبەتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پاڵپشی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە لە ئاسایبوونەوە و رێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر.

لە کۆتاییشدا لەبارەی سێکتەری کارەبا و بارودۆخی بەرهەمهێنان و پرۆژەکانی کارەبا و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ بوژانەوە و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا گفتوگۆیان کرد. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه‌).