پەیامنێری کوردستان24: درۆنێک دوو چەکداری پەکەکە لە ماوەت دەکاتە ئامانج

سنووری ماوەی - وێنە: ئەرشیف
سنووری ماوەی - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی لە سنووری قەزای ماوەت بۆ سەر ماتۆڕسکیلێک کە دوو چەکداری پەکەکەی لەسەر بووە، چەکدارێکیان کوژراوە و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

ئەمشەو (4ـی حوزەیرانی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی درۆنێک کە دوو چەکداری پەکەکەی کردووەتە ئامانج کە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوونە لە ناوچەی دۆڵی سوێیەڵە بووە لەنێوان گوندەکانی گەڵاڵە و قامیش.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لەو بۆردومانەدا دوو چەکداری پەکەکە کراونەتە ئامانج و یەکێکیان کوژراوە و چەکدارەکەی دیکەش برینداربووە.

ئەمە یەکەم رووداوی لەو شێوەیە نییە و مانگی رابردوو لە رۆژی (2ـی ئایاری 2023)، بە درۆن سنووری گوندی گەڵاڵەی سەربە قەزای ماوەت بۆردومانکرا و لەلایەن خۆیەوە، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، درۆنەکانی تورکیا دوو جار بۆردوومانی هەردوو چیای (ژاژۆلان و باسکی قەلێ)یان کرد لە گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی کە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

هەروەها بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەناوچەکە، لەماوەی رابردوو چەندین جار ناوچەکە بۆردوومانکراوە و زیانی گیانی و ماددی زۆر بە دانیشتووانی گوند و شارۆچکەکانی ناوچە سنوورییەکان گەیشتووە.