لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان نزیکەی 100 کوردی ئێزدی رزگارکران

K24 - هەولێر:

نزیکەی 100 کوردی ئێزدی کە چەند رۆژێک بوو لە دوورگەیەکی یۆنان لەسەر سنووری تورکیا گیریان خواردبوو، لەلایەن رێکخراوی خاچی سووری یۆنانەوە رزگارکران.

94 کوردی ئێزدی دوای زیاتر لە شەش رۆژ لە مانەوەیان لە دوورگەیەکی نێوان تورکیا و یۆنان، لەلایەن رێکخراوی خاچی سوورەوە رزگارکران و ئێستا لە کامپێکی باکووری یۆنان جێگیرکراون.

رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 ڤیدیۆیەکی ئەو کوردە ئێزدییانە گەیشتە کوردستان24، کە تێیدا داوای بەهاناوەچوونیان دەکرد، بەهۆی ئەوەی منداڵ و نەخۆشیان لەگەڵدا بووە و بێ ئاو و نان ماونەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی خاچی سووری یۆنان، ئەو کەسانەی کە رزگارکرابوون پێکهاتبوون لە 33 پیاو و 33 منداڵ و 28 ژن.

کوردستان24  کە هابەشی میدیایی لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس هەیە، پێکەوە بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کرد و توانیان دەزگا ئەمنییەکانی یۆنان لە هەواڵەکە ئاگادار بکەنەوە، دواتریش رێکخراوی خاچی سوور لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی یەکێک لەو کەسانەی لە دوورگەکە بووە و بۆ کوردستان24ـی ناردووە، کوردە ئێزدییەکانی دۆزیەوە و رزگاری کردن.

شایەنی باسە ئەو کوردە ئێزدییانە خەڵکی ناوەندی قەزای شنگالن و بەهۆی خراپی دۆخی ژیانیان لە ناوچەکەی خۆیاندا بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچییان کردووە، بەمەبەستی گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر.

هەروەها، دوێنی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، دوای هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 325 هەزار ئێزدی نەیاتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان.

پۆلیسی یۆنان پێشتر لەوبارەیەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، ئەوان رزگاریان دەکەن چونکە هیچ وەڵامێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بۆ بانگەوازەکانیان بۆ وەرگرتنەوەیان نییە.