سکرتێری گشتیی ناتۆ داوا لە تورکیا دەکات ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان و یەنس ستۆڵتنبێرگ
رەجەب تەیب ئەردۆغان و یەنس ستۆڵتنبێرگ

 K24- هەولێر

سکرتێری گشتیی رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، بەرپرسانی تورکیا، سوید و فینلاند لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆدەبنەوە و گفتوگۆی زیاتر سەبارەت بە داواکاری سوید بۆ بوونە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجام دەدەن.

یەنس ستۆڵتنبێرگ رۆژی یەک شەممە،4ی حوزەیرانی 2023، دوای دیدارێکی دوو کاتژمێری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، سوید ئەرکەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە بەرامبەر بە ئەنقەرە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بوونە ئەندام لەم هاوپەیمانییە.

رۆژێک دوای دەستبەکاربوونی بە فەرمی بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی، ئەردۆغان لەگەڵ ئەمینداری گشتیی "ناتۆ"دا باسی دۆسیەی پەیوەندی سوید بە هاوپەیمانێتیەکە و هەڵوێستی تورکیا کرد، ئەمە جگە لە کۆمەڵێک دۆسیەی دیکە، لەوانەش دۆخی باکووری کۆسۆڤۆ.

بەگوێرەی سەرچاوە تورکییەکان، دۆسیەی سوید لە پێشەنگی کارنامەی دانوستانەکاندا بووە، لە کاتێکدا ستۆڵتنبێرگ داوای رەزامەندی تورکیا و هەنگاریا دەکات بۆ داواکەی سوید پێش کۆبوونەوەی لوتکەی "ناتۆ" کە لە مانگی تەمموزی داهاتوو لە ڤیلنیوسی پایتەختی لیتوانیا بەڕێوەدەچێت.

تورکیا هێشتا رەخنەی هەیە سەبارەت بە پەیوەندی سوید و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێ قۆڵی لەگەڵ سوید و فینلاند واژۆ کراوە.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، داوای لە سوید کرد ئەو ئەرکانەی کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێ قۆڵیدا پێی سپێردراوە جێبەجێ بکات، هەروەها هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، پێشتر لە تویتەر سەبارەت بە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، گوتبووی: "وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ پەیوەندی سوید بە هاوپەیمانێتیەکە دەربڕی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پەیامێکی زۆر روونە بۆ تورکیا و هەنگاریا بەمەبەستی دەستپێکردنی پەسەندکردنی پەیوەندی سوید".

چەند رۆژێک پێش بەشداریکردنی لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ئەردۆغان وەک سەرۆککۆمار، ستۆڵتنبێرگ داوایەکی ئاشکرای ئاراستەی ئەنقەرە کرد بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەی سوید.

گوتیشی، پەیامی من ئەوەیە کە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بۆ ناتۆ و تورکیا و هاوپەیمانەکانی دیکەی سوودبەخشە. ئاماژەی بەوەشدا، سوید یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەرکردووە کە پێشتر کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرچاوە تورکییەکان بڵاویان کردەوە، کە تورکیا داواکارییەکەی سوید پەسەند دەکات، لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا رەزامەندی بدات لەسەر پێدانی فرۆکەی جەنگی "ئێف "16 بە تورکیا، تورکیا دەیەوێت 40 فڕۆکەی شەڕکەر و 80 کەرەستەی نوێکردنەوەی بۆ فڕۆکەی شەڕکەرەکانی بەدەست بهێنێت.