لە سوودان تێکدانی کشتوکاڵ مەترسی برسێتی زیاتر کردووە

دوو کرێکاری سوودانی
دوو کرێکاری سوودانی

K24 - هەولێر

لە ناوەڕاستی مانگی ئایار وەرزی بارانبارین لە شاری قەزارف لە نزیک سنووری ئەسیوپیا دەستپێدەکات، کە نزیکەی لەسەدا 40ی بەرهەمی دانەوێڵەی سوودان بەرهەم دەهێنێت و لەگەڵ باران بارین وەرزی کشتوکاڵی هاوینە دەستپێدەکات.

محەممەد هارون، کە کرێکارێکی سوودانییە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "پێنج رۆژ لەمەوبەر لە کۆردۆفانەوە گەیشتمە ئێرە، کەس کاری بە من نەدا". دەشڵێت، "لە رابردوودا زیاتر لە رۆژێک چاوەڕێم نەدەکرد بۆ دەستکەوتنی کار، ئێستا هەموو پارەکەم تەواو بووە، نازانم چۆن خواردن بکڕم."

سەرەتای وەرزی چاندنی هاوینە کە گرنگترینە لە سوودان، ئەمساڵ جیاوازە لەگەڵ ساڵانی رابردوو، لەبەر ئەو شەڕەی کە لە 15ی نیسانەوە لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی عەرەبی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ، ئەو شەڕە بووە هۆی شێواندنێکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی کەرتی کشتوکاڵدا، لە بەرهەمی سەوزە و ئاژەڵیدا، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە شەڕی سەختی تێدایە.

رێکخراوەکە بنکەکەی لە خەرتوومی پایتەختی سوودانە، ئاماژەی بەوە کردووە، بە تەواوەتی سیستەمی بەرهەمهێنانی پەلەوەر لەکارکەوتووە، هەروەها بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەش نەماوە. هەروەها قەیرانەکە کاریگەری لەسەر کەرتەکانی دیکەی پەیوەست بە کشتوکاڵ هەیە، کە لەسەدا 40ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێکدەهێنن و لەسەدا 80ی هێزی کار کاردەکەن.

میرغانی عەلی، بازرگانێکی تۆو، کیمیا و قڕکەری کشتوکاڵییە، دەڵێت: "لە کاتی بارودۆخی ئاساییدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەدەست قەرەباڵغی جووتیارانەوە دەمانناڵاند کە داوای تۆویان دەکرد، بەڵام لەم سالدا کارەکە زۆر لاوازە.

محەممەد عەبدولکەریم، کە خاوەنی 10 هەزار دۆنم (42 ملیۆن مەتر چوارگۆشە) زەوی کشتوکاڵییە کە تێیدا گەنمەشامی و پەتاتە و گوڵەبەڕۆژەی تێدا دەچێنێت، هۆکاری نامانی وەرزی چاندن بۆ دواکەوتنی بانکەکان لە دابینکردنی دارایی دەگەڕێنێتەوە.

گوتیشی: بڕیارەکانی دارایی لەلایەن سەرۆکایەتی بانکەکانی پایتەختەوە دەردەچن و ئەم بانکانە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە بەهۆی شەڕەوە کاریان نەکردووە.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەرزی چاندنی دانەوێڵە، کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2022دا، لە سوودان دروێنە کرا، بڕی گەنمەشامی و گەنم و هەرزن گەیشتە 7.4 ملیۆن تۆن.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند،25 ملیۆن کەس کەدەکاتە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سوودان، ئێستا پێویستیان بە هاوکاری و پاراستنی بەپەلە هەیە.