10 ساڵە کوڕەکەی قەزافی بە تۆمەتی دیارنەمانی سەدر دەستگیرکراوە

هانیباڵ کوڕی  موعەمەر قەزافی
هانیباڵ کوڕی موعەمەر قەزافی

K24 - هەولێر

لیبییە دڵسۆزەکانی رژێمی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، توڕەیی خۆیان لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنی هانیباڵی کوڕەکەی قەزافی لە لوبنان دەربڕی، کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر بە بیانووی شاردنەوەی زانیارییەکانی پەیوەست بە دیارنەمانی دامەزرێنەری ئەنجومەنی باڵای شیعەکان، ئیمام موسا سەدر دەستگیرکراوە.

پارێزەرەکەی هانیباڵ رایگەیاند، کوڕەکەی قەزافی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بە هۆی زیندانیکردنی ناڕەوای لە لوبنان و  دواخستنی دادگاییکردنەکەی سەرکۆنە کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە داوا دەکرێت بەم زووانە ئازاد بکرێت.

خالید ئەلغاویل، راوێژکاری یەکێتی هۆزەکانی لیبیا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەری سوڕما لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هانیباڵ و گوتی:"دەزانین کە لەلایەن گروپێکی سەر بە رەوتی سەدرییەوە رفێندراوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە دۆسیەی سەدر." ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە تاوانێکی نێودەوڵەتییە کە بەهۆی بێدەنگی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە روودەدات."

ئەلغاویل بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، دۆسیەی هانیباڵ بە سیاسی زانی نەک یاسایی، کاتێک دیارنەمانی ئەلسەدر راگەیەندرا، هانیبال تەمەنی دوو ساڵ بووە، چۆن دەتوانرێت سزا بدرێت لەسەر شتێک کە درکی پێ نەکردبێت؟. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو مامەڵە و ئەشکەنجە دڕندانەی کە تووشی بووە و دوای دەستگیرکردنی ئەم هەموو ساڵە بە ناڕەوا، هانیباڵ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئەلغاویل جەختی کردەوە: "ئێمە سەرمان سوڕماوە لە بێدەنگی دەسەڵاتدارانی لوبنان سەبارەت بەوەی چی بەسەر هانیباڵدا دێت، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوای ئازادکردنی لە پارێزەرەکەی و پەرلەمانی لیبیا کردووە، جگە لە نامەکانی یەکێتی عەشیرەتەکانی لیبیا و فەرمی، کە تێبینییەکانیان ئاراستەی کۆمکاری عەرەبی کراوە".

نووسینگەی نوێنەری یاسایی هانیباڵ رۆژی شەممە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییە بەردەوامەی بەرامبەرم دەکرێت، کاتی ئەوە هاتووە کە ئازادم بکەن دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنمدا و لێپێچینەوە لە دژی من بە تۆمەتێک کە من ئەنجامم نەداوە.

پرسیاری ئەوەی کرد: "چۆن دەکرێت لە وڵاتی یاسا و ئازادییەکاندا، پێشێلکردنی ئاشکرای شەرعیەتی مافەکانی مرۆڤ رەت بکرێتەوە؟ ئایا مەعقولە زیندانییەکی سیاسی بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە بەجێبهێڵرێم بۆ ئەم هەموو ساڵە؟"

هانیباڵ لە لێدوانەکەیدا دەشڵێت: "دوای کۆڵنەدان لە زوڵم و ستەمی دژم بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک، مانگرتنم لە خواردن راگەیاند. هەموو دەرئەنجامەکان و بەرپرسیارێتی تەواوم لە ئەستۆ دەگرم بەرامبەر بەو کەسانەی کە بەشدارن لە بەردەوامبوونی نادادپەروەری بەرامبەرم".

راوێژکاری یەکێتی هۆزەکانی لیبیا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای لە "داناکانی لوبنان" کرد دەستوەردان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە دەستگیرکردنی کوڕەکەی قەزافی، کە بە "نایاسایی" ناوی بردووە، هۆشداری دەدات لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی بابەتەکە.

دیارنەمانی دامەزرێنەری ئەنجومەنی باڵای شیعەکان، ئیمام موسا ئەلسەدر لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ لیبیا لە مانگی ئابی 1978، لەسەر بانگهێشتی قەزافی بووە، ئەوکاتەش هانیباڵ منداڵێکی بچووک بووە، لەسەر بابەتی دیارنەمانی ئەلسەدر دەستگیرکراوە.