كێن ئه‌وانه‌ی چێژی تۆپی پێیان كوشتووه؟
خه‌ریكه شتێک نه‌مێنێت بەناوی چێژی تۆپی پێ، ئەوەتا عەرەبە زەبەلاحەکان خه‌زینه‌ی دراو و دۆلاریان كردووه‌ته‌وه و ته‌نگیان بە تۆپی پێ ھەڵچنیوە، پەیتا پەیتا خوله‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن له ئه‌ستێره دیاره‌كانی پێنج خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا، كێیان بوێت رازی ده‌كه‌ن، ئه‌وان به‌جۆرێك پاره‌یان رژاندووه زه‌حمه‌ته یاریزانێك بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بێت به سعوودییه‌كان بڵێت "نه‌خێر"، ته‌نانه‌ت ئه‌ستێره‌كان به‌تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئۆفه‌ری یانه‌كانی سعوودیه ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و پاره‌یه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كرێت ژیانی هه‌شتا پشتیان پێ خۆش ده‌كرێت.
چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو كه‌ریم بێنزێما وه‌كو یاریزانی نوێی ئیتیحادی سعوودیه پێشكه‌ش به هانده‌ران ده‌كرێت، بۆسكێتس، ئالبا، هازارد، سێرخیۆ رامۆس، توماس موله‌ر و نگوڵۆ كانتی و چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی دیكه له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر یانه‌كانی سعوودیه‌دا دابه‌ش ببن.
ئه‌وه‌تا بارسێلۆنا له‌ده‌ست هیلالی سعوودییه نازانێت چی بكات، چونكه بارسێلۆنا به‌هه‌موو هێز و خه‌زێنه‌ی ته‌نیا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له ساڵێكدا 12 ملیۆن یۆرۆ بۆ مێسی دابین بكات، كه‌چی هیلالی سعوودیه ئۆفه‌رێكی به مووچه‌ی ساڵانه‌ی 200 ملیۆن یۆرۆ خسووه‌ته سه‌رمێزی خۆرخێ مێسی باوكی ئه‌ستێره ئارجێنتیناییه‌كه.
خه‌ریكه به‌هۆی پاره چێژی تۆپی پێ نه‌مێنێت، ته‌نانه‌ت له ئه‌ورووپاش به پاڵپشتی سه‌رمایه‌داره عه‌ره‌به‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نادادپه‌روه‌رانه ئه‌ستێره‌كان به‌سه‌ر ته‌نیا 2 تا 3 یانه‌دا دابه‌ش ده‌بن، بۆیه به پێچه‌وانه‌ی 20 ساڵی رابردوو، له‌م سه‌رده‌مه ته‌نانه‌ت هه‌ر له ده‌ستپێكی خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان، ده‌توانین به ئاسانی پێشبینی بكه‌ین بۆ براوه‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كان. ته‌نانه‌ت كاتێك چامپیۆنزلیگ ده‌ست پێده‌كات، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت گره‌و بكات نازناوه‌كه له نێوان 2 تا 3 یانه ده‌رناچێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له پێنج خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا بده‌ین، له ئیسپانیا جگه له ریال مه‌درید و بارسێلۆنا ئه‌وانیتر هه‌موویان ده‌ستیان له بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه شوشتووه، مانچێسته‌ر سیتی به خاوه‌ندارایه‌تی سه‌رمایه‌داره عه‌ره‌به‌كانی ئیمارات زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی له تیمه‌كه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه و پێنج ساڵه له‌سه‌ریه‌ك به‌هێزی پاره پرێمه‌رلیگ ده‌باته‌وه و ئه‌مساڵیش گه‌یشتوونه‌ته یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
پاریس سانجێرمانیش به پاڵپشتی سه‌رمایه‌داره‌كانی قه‌ته‌ر له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013ـه‌وه نۆیه‌مجاره نازناوی خولی نێوخۆیی فه‌ره‌نسا ده‌به‌نه‌وه.
له ئه‌ڵمانیاش هه‌رچی پاره و سامانه لای بایرن میونشنه‌وه و خوله‌كه به ته‌واوه‌تی له لایه‌ن ئه‌و یانه‌یه قۆرخ كراوه و یازده ساڵه له‌سه‌ریه‌ك ده‌بنه پاڵه‌وانی بۆندزلیگا.
ئاخر یانه‌ی نیوكاسڵ ئه‌گه‌ر به‌هێزی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی سعوودیه نه‌بێت چۆن ده‌توانێت له شوێنی لیڤه‌رپوول، چێڵسی و تۆتێنهام بگاته چامپیۆنزلیگ.
تۆ به هه‌ر شێوه‌یه‌ك ئه‌م بۆچوونانه‌ی من ره‌ت بكه‌یته‌وه ئازادی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من روونه، عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو رووحی ململانێ وچێژی یاری و پاڵه‌وانێتییه‌كانیان كوشتووه.
نووسینی: نیهاد نانه‌كه‌لی