سنووردارکردنی ئازادییەکانی ئافرەت لە کەربەلا، کاردانەوەیەکی زۆری لێدەکەوێتەوە

K24  - هەولێر:

بڕیاری دەسەڵاتدارانی خۆجێی پارێزگای کەربەلا بۆ رێگریکردن لە پاسکیلسواری ژنان و رێگریکردن لە چوونیان بۆ کافتریاكان، کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، هەروەها بابەتی گەرمی شەقام و تۆڕە كۆمەڵاتییەكانە.

بەپێی بڕیارێكی دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگای کەربەلا، ئافرەت بۆی نییە لە شوێنە گشتییەكان نێرگەلە بكێشێت، تەنانەت چوونی بۆ كافتریاكانیش سنوورداركراوە، جیا لەمە پایسكلسواری و لێخورینی ماتۆرسكیلیش لە ئافرەت قەدەغەكراوە.

هەروەها لەبارەی سنووردارکردنی ئازادییەکانی ئافرەت، بەشێك لە دانیشتووانی كەربەلا، بڕیارەكە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان دەزانن و نووسینگەی مافی مرۆڤیش لە شارەكە، دەڵێت: "پێشێلكردنی مافی ئافرەتە"، بۆ ئەم مەبەستەش نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن.

لەمبارەیەوە، ئەسرا ئەدیب، دانیشتووی پارێزگای كەربەلا، رایگەیاند، "نێرگەلە نە بە شەرع قەدەغەیە و نە بە یاساش، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی ھۆشیاری مرۆڤ نییە، واتە بە ماددەی ھۆشبەر پۆلێن نەكراوە، بۆیە پێم وایە بڕیارێکی هەڵەیە، ئەم جۆرە بڕیارانە ئازادییەكانی مرۆڤ سنووردار دەكات، ئەمە ھەڵەیە و بەتووندی دژی ئەم بڕیارەم، پێویستە دەسەڵاتداران بزانن كێشەی عێراقییەكان نێرگەلە و جگەرە نییە، كێشەی زۆر گەورە ھەن كە تەواوی عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت".

هەروەها، ئیقبال عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی عێراق لە کەربەلا، ئاماژەی بەوەدا، "ئەمە پێشێلكردنی مافی ئافرەتە، وەكو نووسینگەی مافی مرۆڤ نوسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بۆئەوەی بزانن ئەوەی لە كەربەلا دەگوزەرێت، تەواو پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤە و پێشێلكردنی مافی ئافرەتە".

پارێزگای كەربەلا مەزارگەی ئیمام حوسێنی لێیە، لەلایەن شیعە مەزھەبەكانەوە بە شارێكی پیرۆز دادەنرێت، دەسەڵاتدارانی شارەكە پێیانوایە دەركەوتنی ئافرەت بەوشێوەیە كە بە دیاردەی وڵاتانی رۆژئاوایی ناوی دەبەن، پێچەوانەی پیرۆزییەكانی كەربەلا و پێگە ئایینییەكەیەتی.