ڤێدانت پاتێل: ئه‌مەریكا پشتگیری له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان ده‌كات

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئه‌مەریكا پشتگیری له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەرێمی كوردستان ده‌كات.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی حوزەیرانی 2023)، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا له‌باره‌ی گرنگی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق رایگەیاند، له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین لەگەڵ لایەنەکان و تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

هەروەها ڤێدانت پاتێل گوتیشی، تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ ده‌بێته‌ هۆی راكێشانی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مەریكی و بیانی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن سەردانیان بەغدایان کرد.

هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.

دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.