دژوار فایق: پێویستە رێگری بکرێت لە دەستوەردانی سووپای عێراق بۆ سەر زەوی جووتیاران

K24 – هەولێر:

دوای دەستوەردانەکانی سوپای عێراق بۆ سەر زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی140، رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی لە داواکاری جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەم و پێویستە رێگری بکرێت لە دەستوەردانی سووپای عێراق بۆ سەر زەوی جووتیاران.

دژوار فایق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی140، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 رایگەیاند، لیژنەیەکمان پێکهێناوە و راسپاردەمان داوە بە حکومەتی عێراق، کە ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاوەن کە کراوە لەسەر زەوییەکانی کورد و تورکمان، هیچ کەسێک بۆی نییە تازەی بکاتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەندین لیژنەمان پێکهێنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان، بەڵام هەر جارەو بە بیانوێک کارەکانیان دوادەخست و پەراوێزیان دەخست.

دژوار فایق، روونیکردەوە، لە ئێستادا پرسەکە لەلای حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراقە، "هیوادارین بە زووترین کات بڕیارێک بدەن لە بەرژەوەندی جووتیارانی کورد و تورکمان".

هەروەها گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، نووسراو کرا بۆ پارێزگاری کەرکووک، وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بەرگری عێراق، کە داوامانکردووە سووپا دەست هەڵگرێت لەو رێگریانەی کە بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت".

ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، داوامان کردوە بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک لە رێگەی حکومەت و پەرلەمان کاری وەزارەتی بەرگری عێراق رابگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو ماوەیەدا ئەو کێشەیە چارەسەربکرێت لە رووی یاساییەوە بۆ هەتا هەتایە.

هەروەها گوتیشی: "خەڵکانێک هەنە دژی کابینەکەی سەرۆک وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، کار دەکەن، هەروەها دژی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدان".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک لە خۆپیشاندانێکدا داوایانکرد ئەو زوڵمەی بەرامبەریان دەکرێت رابگیرێت.

لە جووتیارانی کورد و تورکمان لە یاداشتێکدا باسیان لەوەکرد بە بڕیاری قیادە سەورەی سەردەمی رژێمی بەعس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، داوا دادگای باڵا و حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی شارەکە کرد، لە هەر بڕیارێک لەبارەی زەوی و زاری ئەو شارە پرس و راوێژیان پێبکرێت، دەشڵێن: ئەوانەی ئێستا بڕیار دەدەن نوێنەری ئێمە نین، با خۆمان بڕیار لەسەر زەوی و زاری خۆمان بدەین و نەگەین بەو رۆژەی لە دژتان بوەستینەوە".

لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: "40 ساڵ لەمەوبەر زەوییەکانمان بە بڕیارێکی رژێمی بەعسی لەناوچوو دەستیان بەسەردا گیراوە، زەوییەکانمان دابەشکراون بەسەر هەندێک خەڵکی تر تەنانەت بەشێک لەوانەی هێنراونەتە سەر زەوییەکانمان خەڵکی ئێرە نین و لە شوێنی تر هێنراون، هەموو ئەوانەی کراوە لەژێر ناوی بەرژەوەندی گشتی کراوە".

داواش دەکەن، هەر بڕیارێک لەسەردەمی رژێمی بەعس دراوە دەبێ هەڵبوەشێنرێتەوە.