پارتی پێشنیازێکی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی ماددەی 13 و 14 رەتدەکاتەوە

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازیان کردووە ماددەی 13 و 14 لە بودجەدا لابدرێت و لە یاسای نەوت و گازدا کێشە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەربکرێت، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو پێشنیازە رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ( 5ــی حوزەیرانی 2023)، ماجید شەنگالی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، ئەو پێشنیازەی چوارچیوەی هەماهەنگی رەت دەکەینەوە، چونکە بە پەسەند نەکردنی ئەم دوو ماددەیە روونییە کە شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان چۆن دەدرێت.

لەلایەن خۆیەوە، ئیبتسام هیلالی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، دەنگ لەسەر هەموو ماددەکانی بودجە دەدەین، بەڵام پێمان باشە پێش کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان رێککەوتن بکرێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و مافە دەستوری و یاساییەکانیان جێگیر بکرێت، چونکە کوردیش بەشێکی گرنگە لەعێراق.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق لە (9ــی حوزەیرانی 2023)، وەرزی یاسادانان تەواو دەبێت و ئەگەر لەم ماوەیەدا بودجە پەسەند نەکرا ، دەبێت سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کارەکانی درێژبکاتەوە.