ئیبراهیم کاڵن بووە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا

ئەردۆگان و سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری تورکیا
ئەردۆگان و سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆک کۆماری تورکیا فەرمانی دامەزراندنی ئیبراهیم کاڵن لە پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا واژووکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆک کۆماری تورکیا، واژووی فەرمانی دامەزراندنی سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی وڵاتەکەی لە شوێنی هاکان فیدان واژووکرد.

شەوی (3ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند، کە بە دووەم کابینەی حکومەتی تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی دادەنرێت و زۆربەی ئەو وەزیرانەشی لەم کابینەیەدا لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشانکراون کەسایەتی نوێن و 15 وەزیری کابینەی پێشوو لەم خولەی پەرلەماندا کورسی پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار بەدەستهێناوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا سوێندی یاسایی دەخۆن.

کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا لە 17 وەزارەت پێکهاتووە، کە هاکان فیدان، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) لەلایەن ئەردۆغانەوە بە وەزیری دەرەوەی تورکیا دەستنیشانکرا و ئەمڕۆ (5ـی حوزەیرانی 2023) لە شوێنی مەولود چاوشئۆغڵو دەستبەکاربوو.

ئیبراهیم کاڵن، پێشتر راوێژکاری سەرۆک کۆمار و گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بووە و لەلایەن ئەردۆغانەوە نازناوی باڵیۆزی پێدراوە، یەکێکە لە کەسە نزیک و جێ متمانەکانی ئەردۆغان.

کاڵن، لە (15ـی ئەیلوولی 1971) لە ئیستانبوڵ لەدایکبووە کە خێزانەکەی بە رەچەڵەک خەڵکی ناوچەی ئەرزروومی باکووری رۆژهەڵاتی تورکیان، خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە.

لە ساڵی 1992 لە زانکۆی ئیستانبوڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پسپۆری مێژوو بەدەستهێناوە و دواتریش گەشت دەکات بۆ مالیزیا و بڕوانامەی ماستەر بەدەستدەهێنێت. لە ساڵی 2002ـش بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان و فەلسەفەی بەراورد لە زانکۆی جۆرج واشنتن بەدەستهێناوە.

سەرۆکی نوێی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا، خاوەنی چەندین کتێب و بەرهەمی ئەکادیمییە و شارەزاییەکی زۆری لە بوارەکانی مێژوو، فەلسەفە و زانستە سیاسییەکان هەیە و لە بواری هونەر و میوزیکیشدا خاوەن بەهرەیە و ئامێری گیتار دەژەنێت و لەچەندین بۆنەشدا گۆرانی گووتوە.

ئیبراهیم کاڵن دەبێتە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین و هەستیارترین دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و جیهان و بە یەکەم سەرۆکی دەزگایەکی هەستیاری ئەمنی لەو جۆرە دادەنرێت، کە زۆرترین زانیاری لەبارەوە ئاشکرایە و لای هەمووان ناسراوە.