پۆلیسی زاخۆ: كه‌سێك كه‌ به‌هۆی فشاری قه‌رزه‌وه‌ خۆی شاردبووه‌وه‌ پۆلیس به‌ بڕیاری دادگا دۆزییه‌وه‌

K24 – هەولێر:

پۆلیسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا گه‌نجێك له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ به‌هۆی قه‌رزارییه‌وه‌ سیناریۆیه‌كی رێكخستووه‌ و شوێنی گواستووه‌ته‌وه‌ و خۆی شاردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فشاره‌كانی سه‌ری كه‌م ببێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 5ـی حوزه‌یرانی 2023) نەشئەت سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا له‌باره‌ی گه‌نجێكی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆوه‌ چه‌ندین قسه‌وباس بڵاوكرانه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌وباسانه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ ده‌رچووبێت و زانیاری وردی له‌باره‌یه‌وه‌ گوتبێت. گوتیشی، ئه‌و باسه‌ گه‌رمه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تایبه‌ت بوو به‌ گه‌نجێكی سنووره‌كه‌، كه‌ قه‌رزبار بووه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌رزێكی زۆری له‌سه‌ر بووه‌، سیناریۆیه‌كی دروست كردبوو.

گوتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روونیكرده‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ وه‌ك كاری سه‌ره‌كی خۆی، به‌بێ ده‌نگی به‌دواداچوونی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ كرد و بۆی روون بووه‌وه‌، ئه‌و گه‌نجه كه‌ ناوی عه‌زیز زه‌ینولعابیدینه‌،‌ هه‌ندێك كێشه‌ی قه‌رزی هه‌بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ فشاری له‌سه‌ر بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فشارانه‌ی بڕه‌وێنێته‌وه‌، رۆژی 29ـی ئایاری 2023، به‌ ئۆتۆمبێلێكی تاكسی هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی خواردنی بردبوو و چووبووه‌ گوندێكی سنووره‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێله‌ تاكسییه‌كه‌ی راگرتبوو و مۆبایله‌كه‌یشی داخستبوو و خۆی شاردبووه‌وه‌. باسی له‌وه‌شكرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی زاخۆ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ كرد و گه‌نجه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای دۆزیینه‌وه‌ی، ناوبراو ره‌وانه‌ی دادگا كرا و له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ی خسته‌ روو. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، كه‌ ناوبراو، ته‌ندروستی زۆرباشه‌ و هیچ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك نه‌دراوه‌.