ئامۆزایەکی بکوژی کاوە بازیانی کوژرا
K24 - سلێمانی:
شەوی رابردوو لە قەزای بازیان کەسێک کوژرا کە ئامۆزای بکوژی کاوە بازیانی بووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای بازیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، رووداوی کوشتنەکە شەوی رابردوو بووە و بەپێی بەدواداچوونەکان، رووداوەکە پەیوەندی بە کوشتنی کاوە بازیانییەوە نییە.
ئاماژەی بەوەشدا، رووداوی کوشتنەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
کاوە بازیانی، کەسایەتیی سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتی سلێمانی لە دوایین رۆژی مانگی رەمەزان لەرێگەی بازیان – سلێمانی لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و دوای چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
پاش چەند رۆژێک، بابان شەهید ئیبراهیم حەبیب، بکوژی کاوە بازیانی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەولێرەوە لە ماڵی کەسێک بەناوی "عەلی سیاسی" دەستگیرکرا و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی بە تاوانەکەیدا نا.