یەکیتی ئەوروپا لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە لە سوودان مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە

سوودان
سوودان

K24 - هەولێر

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، چاودێری دۆخی سوودان دەکات لەبارەی "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ"، بەڵێنیشی داوە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن، هاوکات داواشی لە لایەنەکانی سوودان کرد کە دەستبەجێ شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن.

یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کرد بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری راگوزەری لە سوودان بۆ ماوەی شەش مانگ.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بووە هۆی تاڵانکردن و تۆقاندنم هەروەها کاریگەری لەسەر کۆمپانیا، دوکان و بانکەکانیش دروستکرد، هاوکات پێشێلکارییەکان گەیشتنە ماڵەکان و نەخۆشخانەکانیش، بەو پێیەی کەسانی چەکدار زۆرێک لە دامەزراوە پزیشکییەکانیان داگیرکردووە، بەتایبەتی لە خەرتوم و ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای سوودان.

پەیوەست بە دۆخی ئێستای سوودان، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا سەبارەت بە کارەساتێکی مرۆیی لە داهاتوودا، ئەمەش دوای نەگەیشتنی هاوکارییەکان بەهۆی دۆخی ئەمنی و تاڵانکردنی نووسینگەکانی هەندێک لە رێکخراوە فریاگوزارییەکان.

رۆژی یەکشەممە، ریاز و واشنتن داوایان لە هەردوو لایەنی سوودان کرد، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ.

رۆژی دووشەممە، 5ی حوزەیرانی 2023، هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، لە شاری خەرتوم "لیوای 22ی پیادە"ی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام سوپای سوودان ئەمەی رەتکردەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، هێزە چەکدارەکان پشتڕاستیان کردەوە ئەو هەواڵانەی باس لە کەوتنی شاری خەرتوم دەکەن راست نیە، لە بەرامبەردا پارێزگاری هەرێمی دارفور، مینی ئارکۆ میناوی، سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی دژی دانیشتوانی شاری خەرتومی کرد و لە تویتەر ئاماژەی بەوەکرد، "لەکاتێکدا کە ئێمە بە هەموو تواناکانی خۆمان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و بەرەنگاری تاوان دەبینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ خەڵکی شاری خەرتوم رووبەرووی پێشێلکاری ترسناک دەبنەوە، وەک چۆن لە شاری جەنینە روودەدات، هەروەها میناوی ناوچەی دارفۆری بە ناوچەیەکی کارەساتبار ناساند، داوای لە جیهان کرد کەرەستەی مرۆیی بۆ هەموو سنوورەکان بنێرن و بە هەموو شێوەیەک بۆ رزگارکردنی خەڵکی ناوچە زیانلێکەوتووەکان".