فارس عیسا: داوامان لە سوودانی کردووە 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت

K24 - هەولێر
فارس عیسا جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی لە پڕۆژەیاسای بودجە عێراق چارەسەر بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە 400 ملیار دینارەکەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە و "هەموو هەوڵێک دەدەین لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەین".
فارس عیسا بە پێویستی دەزانێت لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر جێبەجێ بکەن و دەڵێت، "بێجگە لە جێجەجێکردنی رێککەوتنەکە، هیچ رێگەچارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە".
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی، "ئەو 400 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بە شێوەی قەرزە، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەش پەسەند بکرێت، دواتر لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت".
بەگوتەی فارس عیسا، هەفتەی رابردوو سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردووە و داوایان لێ کردووە، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار (5) بنێرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.
لەوبارەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
وەکو ئەوەی خەلیل غازی ئاماژەی پێ دا، ئەگەر ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنەکان کرا، چەند گۆڕانکارییەک لە هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتی نەوتی هەرێم، دەکرێن و دواتر لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت.
لای خۆیەوە ئامانجی هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان و بەتایبەت دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان ناکرێت."
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بە کۆمەڵێك گۆڕانکاری دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵیدا کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.
لە ماددەی 13 بڕگەی دووەم خاڵی جیم دەستەواژەیەك زیادکراوە کە دوای جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەوکات وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
هەروەها لە ماددەی 14 گۆڕانکاری لە بەشێك لە خاڵەکان کراوە و پێنج خاڵی دیکەش زیادکراون کە بریتین لە خاڵەکانی (8-9-10-11-12)، لە خاڵی یەکەم کە گۆڕانکاری تێدا کراوە هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێ بە دانانی کۆی داهاتە نەوتییەکانی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی کە بانکی ناوەندی عێراق دەیکاتەوە و وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنی دەدات بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بهپێی ئهم گۆڕانكاریەش پێگهی دهستووریی ههرێم وهك فهرمانگهیهكی ناوهراست و باشوور حسابی بۆ كراوە، نەک وەک هەرێمێکی دەستووری.
لە خاڵی هەشت هاتووە لەکاتی بوونی ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ئەوا 15 رۆژ مۆڵەت دەدرێت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەگەر چارەسەریش نەکرا ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم رادەگیرێت ئەمەش واتە مەقەستی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم هەمیشە تیژ و ئامادەییە.
لە خاڵی نۆی ماددەی 14ـی بودجەدا هاتووە حکومەتی هەرێم نابێت جیاکاری لە نێوان پارێزگاکان لە خەرجکردنی مووچە بکات بە پێچەوانەوە حکومەتی بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ ئەو پارێزگایە دەنێرێت کە گازندەی هەیە.
هەروەها لە خاڵی 10، حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم پابەندن بەوەی رێگری بکەن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەمەش بە واتای رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە و شێخان دێت و لەو کاتەش بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان ناگاتە 200 هەزار بەرمیل کە لە ماددەی 13 هەرێمی کوردستان ناچارکراوە ئەگەر 400 هەزار بەرمیل رادەست نەکات شایستە داراییەکانی هەرێم نانێردرێت.
لە خاڵی 11ـشدا هاتووە کە حکوماەتی فیدراڵی پابەندە بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و لە خاڵی 12ـش حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارکراوە کە لە بەشە بودجەی خۆی لانی کەم 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران خەرج بکات.
ئەم گۆڕانکاریانەی کە لە ماددەی 13 و 14ـدا هاتووە پێچەوانەی ئەو دەقەیە کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە و ئامانجیش لەو گۆڕانکارییانە لاوازکردنی و دابەشکردن و پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستانە.