لە پایتەختی ئازادی مێسی سزادرا!

 میسی تەواوکەری "ئیفێل" بوو بۆ فەڕەنسییەکان!
دوایین یاریی و دوایین ده‌ركه‌وتنی مێسی به‌ درێسی پاریس سانجێرمان
دوایین یاریی و دوایین ده‌ركه‌وتنی مێسی به‌ درێسی پاریس سانجێرمان

له‌ سەردەمی ھەرزەکاری دەیانگوت: بەھەشتی خەونەکان و لوتکەی ئازادی وسەربەخۆی پاریسە، ئیتر ئەو قسە بووە قەوان ھەموو تاکێکی کورد لە رۆشنبیر و فەقیر بەبێ موناسەبە ئەو قسەیان باس دەکرد بۆ ئەوەی بڵێن زۆر موسەقەفن و شت دەزانن.
یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 زۆرشتی شاراوەی ئاشکرا کرد، ئارجێنتینا یان فەڕەنسا کێ بردیەوە ئەوە ئەسڵەن کێشە نیە، بەڵام دەڵێن گیانی وەرزشی و دروشمی یەکسانی وخۆشەویستی و تاد، ئەوانەی ھەمووی تا رۆژی خۆی وەک مانگی چواردە شەوق و رەونەقی دایەوە، راھێنەری فەڕەنسی لە کاتی لێدانی یەکلاکەرەوە بە یاریزانەکانی خۆی گوتبوو (مەیمون!!)، باشە ئەی خەڵک وھاندەرانی دەرەوەی فەڕەنسا چی بەو یاریزانانە دەڵێن؟، زۆر شتی تر ھەیە، بەڵام مۆندیال کۆتایی ھات و ئەم دۆسیە چووە مێژوو.

مێسی گەڕایەوە فەڕەنسا، فەڕەنسییەکان قبوڵیان نەکرد ئاھەنگی سەرکەوتن و رێزلێنان بۆ مێسی بکرێت، کەچی ئەو یاریزانەی ئارجێنتیناییه‌ کە پیشەگەر بوون، شایستەترین رێزلێنان و ئاھەنگیان بۆ سازکرا لەلایەن یانەکان وھاندەرانیان، مێسی تەنھا لە یەکەی مەشق و راھێنانی یانەکەی رێزلێنانی بۆ کرا، بەڵام بەبێ (مباپی و حەکیمی) به‌بیانووی چوونە ئەمریکا بۆ یاری باسکە!، ئەوەش کێشە نیە!.
رقی شکستی فەڕەنسییەکان بەوەش نەوەستا، باشترین یاریزانی مۆندیال بەبێ ھۆکار (فیکە و ھۆیھای) لێکرا، ھەر بەوەش نەوەستان، چەند یارییەک ئەم رەفتارە ناوەرزشییە دووبارە وسێبارە کرایەوە، لە بەرانبەردا ئەم وەرزە مێسی چی بۆ یانەی پاریس سانجێرمان کرد؟ تاقەتی گۆڵ ژماردن و ئەسێست و شتی ترمان نیە، بەڵام مێسی نە پەرچەکردار و نە وڵامدانەوەی ھەبوو، تەنانەت بە یەک وشە و یەک رەفتاریش!.

پاریس بەوەش نەوەستا، نەک مێسی و یانەی پاریس سانجێرمان، ھەموو یاریزانێک و یانەیەک، دوای یاریکردن و رۆژی دواتر راستەوخۆ دەبێتە پشوو، مێسییش ئەم رۆژەی پشووی قۆستەوە چووە سعودیە، مێسییان سزادا بەبیانووی ئەوەی بەبێ مۆڵەتی یانەکە رۆیشتووە، دوویاری سزایاندا، بەس رقەکەیان بۆ ئەوە بوو بڵێن ئێمە باشترین یاریزانمان سزادا، مێسیش بەفەرمی داوای لێبوردنی لە یانەکەی کرد، بەڵام زۆر بە ناوەرزشی مامەڵەیان لەگەڵ کرد، ئەمەش کێشە نییە.
تای دۆڕاندنی فەڕەنسییەکان لە مۆندیال ھێشتا بەری نەداون، مێسیش بووە نیشانە بۆ ئەوەی رقی خۆیانی پێدەربکەن، چونکە مێسی لەگەڵ مباپی باشترین یارییان لە مۆندیال کرد، بەڵام مێسی له‌ تەمەنی (35) ساڵی بووە باشترین یاریزانی یاری کۆتایی و باشترین یاریزانی مۆندیال و مۆندیالەکەشی بردەوە، رقەکە بەرانبەر مێسی توند و قورس و ئاڵۆزتربوو، لە بەرانبەردا چوار مۆندیالی پێشوو، مێسی تووشی شکست بوو، نەیتوانی مۆندیال بەدەست بێنێ، بەتایبەتی مۆندیالی 2014 بە تاکە گۆڵی (ماریۆ گۆتزێ) ئەڵمانیا شکستی بە مێسی و ئارجێنتینا ھێنا، دونیاش وێران نەبوو، ئینجا (ماریۆ گۆتزێ) چووە لای مێسی دڵی دایه‌وه‌ وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ چرکاند، ئەی ئەمە گیانی وەرزشی راستەقینە نییە؟!.

رۆژی ھەینی رێکكەوتی 2/6/2023 كریستۆف گاڵتیێ راھێنەری پاریس لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانی گوتی: بۆ من شەرفمەندی و خۆشحاڵیە راھێنەری باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ بووم، دواتر گوتی: پێموایە رەخنە و لێدوان لە دژی مێسی ڕەوا نه‌بووه‌ وھیوادارم باشترین پێشوازی لێبکەن لە دوایاری کۆتایی خولی فەڕەنسی.
ئه‌م ستایش و لێدوانه‌ی گاڵتیێ، چه‌ندان لێدوانی قیزه‌ون و كاردانه‌وه‌ی توند و زمانی زبری له‌ لایه‌ن فه‌ره‌نساییه‌كان به‌دوای خۆیدا هێنا.

 یەکەم رۆژنامەکانی فەڕەنسا بەڕووی راھێنەر تەقینەوە، دووەم ھاندەران دیسان فیکە وھۆیھایان لە مێسی کرد، سێیەم راھێنەری پاریس ئاوت، مێسی و نێیماریش بەشداریی ئاھەنگی بوون بە پاڵەوانی فەڕەنسایان نەکرد لەگەڵ یانەکەیان!.
مێسی بەو فیکە و ھۆیھایانەی پایتەختی ئازادی و رۆشنبیری لای ھەوادارانی تۆپی پێ بەنرختربوو، بەڵام دوای سەدەیەک تێدەگەن چۆن تاوەری ئیفێڵ بووە رەمز و ناساندنی فەڕەنسا، ئاواش تێدەگەن کە دەبێت پەنجەی پەشیمانی بگەزن بۆ فیکەلێدانه‌كه‌یان له‌ دژی باشترین یاریزانی مێژوو، چونکە مێسی تەواوکەری ئیفێڵ بوو بۆ فەڕەنسییەکان، چونکە ئەو خولە بەھێزەیان نەبوو، گەر سەرۆکی یانە پاریسیەکە نەبووایە، مێسی تەنھا بۆ وێنەگرتن لەگەڵ تاوەری ئیفێڵ دەچووە فەڕەنسا نەک بچێت یاری بۆ ئەم یانەیە بکات!.

نووسه‌ری بابه‌ت: زاگرۆس نانەکەلی

زاگرۆس نانه‌كه‌لی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی
زاگرۆس نانه‌كه‌لی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی