دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە دەکات

هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە
هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە

K24 – هەولێر:

لە یەکەم هەڵویستی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردووی تورکیا، داوای ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (6ـی حوزەیرانی 2023)، دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، دوابڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، :هەردووکیان پێشیلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە".

ئەو دادگا ئەوروپییە راشیگەیاندووە، تورکیا پێشێلکاریی لە ماددەکانی چوار و پێنجـی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا کردووە. دوای بڕیارەکەی دادگای ئەوروپاش، هەدەپە لە هەژماری فەرمی تویتەری خۆیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازادبکرێن.

لە راگەیەندراوەکەی هەدەپە باس لەوە کراوە، دووبارە دادگا بڕیاری پێشیلکردنی مافەکانی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی داوە و تا بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ نەکرێن، تاوانەکان بەرامبەر بە دەمیرتاش و یوکسەکداغ بەردەوام دەبێت.

هەدەپە لەو راگەیەندراوەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، "هەرچی زووە دەبێت دەمیرتاش و یوکسەکداغ و ئەندامانی دیکەی زیندانیکراو ئازاد بکرێن".

لەلایەن خۆیەوە، مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری ئەرزرۆم لە تویتێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا کردووە و رایگەیاندووە، بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا بە هەند وەرناگیرێن، بەڵام پێویستە هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە ئازاد بکرێن، بێشتاش باسی لەوەشکردووە زیندانیکردنی دەمیرتاش و یوکسەکداغ، واتە بەلاوەنانی ئیرادەی ملیۆنان هاووڵاتی تورکیا.

بڕیارەکەی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتاری سەرکەوتنیدا لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە لە (28ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، رایگەیاند کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

لە (29ـی نیسانی 2021)، دادگای باڵای توركیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌، سزای چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانی به‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاشدا سەپاند، کە پێشتریش دادگای سزای ئەنقەرە لە ئەیلوولی 2018 بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ رێكخراوێكی تیرۆریستی، ئەو سزایەی بۆ دەرکردبوو.

لە (26ـی شوباتی 2020) كۆمیتەی كاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە حكومەتی توركیا کرد، بەربەستەكانی بەردەم دادپەروەری ھەڵبگرێت و سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازادبکات.

هەروەها (18ـی ئەیلوولی 2021) لیژنەی وەزاری ئەنجوومەنی ئەوروپا کە چاودێری بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەکات، داوای لە تورکیا کرد، دەستبەجێ سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکات.

لە ساڵی 2020ـشدا دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا بڕیاری ئازادکردنیان بۆ دەرچوو، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێنەکرا و بەتۆمەتی نەبوونی بەڵگە و ئەنجامدانی تاوانی گەورە دەستگیرکردن و مانەوەیان لە زیندان درێژکراوەتەوە.

سەڵاحەددین دەمیرتاش نووسەر و سیاسەتمەدارێکی کوردی زازاییە، لە نیسانی ساڵی 1973 لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی 2007 لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیك (دەتەپە) وەکو نوێنەری پارێزگای ئامەد، بووە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا. دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی 2010 بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) و دوای داخستنی ئەو پارتەش لە 2014 بووە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

دەمیرتاش دەرچووی کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی ئەنقەرە. پێش ئەوەی چالاكانە بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بوو. ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیایە.

دەمیرتاش لە (4ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016)، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و نۆ پەرلەمانتاریی دیكه‌ی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن.