وه‌زاره‌تی دارایی عێراق روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی بودجه‌ ده‌دات

K24 – هەولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئەگەر بودجه بەم گۆڕانکارییانەوه پەسەند بکرێت، تانەی لێدەدەن.

وەزیری دارایی عێراق له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، تەیف سامی وه‌زیری دارایی رایگەیاندووه‌، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، کە لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانه‌، بەو گۆڕانکارییانەوه کە دوای ناردنی لەلایەن حکومەتەوە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەقەکەیدا کراوە، پەسەندبکرێت، رەتی دەکەنەوە و تانەی لێدەدەن.

لە راگەیەندراوه‌كه‌دا ئەوەش خراوەتەڕوو، تەیف سامی وه‌زیری دارایی عێراق ئەو دەنگۆ و بانگەشانە رەتدەکاتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی و بەشێک لە راگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە وەزیری دارایی گۆڕانکاریی و گواستنەوەی لە بڕگەکانی پڕۆژە یاسایی بودجەی گشتیی بۆ ساڵی 2023دا کردووە، کە لەلایەن لیژنەی داراییەوە کاری لەسەر دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزیری دارایی جەخت لەوە ده‌كاته‌وه‌ کە ئەو بانگەشانەی کە بڵاوکراونەتەوە پێچەوانەکەی راستە، بەو پێیەی وەزیر گرنگییەکی زۆری بە بەرگریکردن لە سەرجەم ئەو بڕگانە داوە کە لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا هاتووە و وەزارەتی دارایی تانە لە بودجە دەدات ئەگەر بەم شێوەیە پەسەند بکرێت و گۆڕانکاریی لەو بڕگانە لەخۆبگرێت کە حکومەت لە پرۆژە یاساکەدا خستوویەتییەڕوو.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا وەزیری دارایی عێراق روونیده‌كاته‌وه‌، سەرجەم ئەو بڕگە و تەرخانانەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، بەپێی لێکۆڵینەوە و پێویستی وەزارەت و پارێزگاکان و روانگەی حکومەت بۆ کارنامەکەی داندراوە و و هەر گۆڕانکارییەک لە بڕگەکانیدا دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەکانی حکومەت.

ئەمڕۆ (سێشەممە 6ـی حوزەیرانی 2023)، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 8ـی حوەزەیرانی 2023 پەرلەمان بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی کارنامەکە؛ دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی عێراق و کاتژمێر 13:00 بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەوە خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتنێکی سەرەتایی لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەیە و پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.