کۆشکی سپی: رووسیا هێرشەکەی سەر بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکای ئەنجامداوە

K24 – هەولێر:

کۆشکی سپی رایگەیاند، راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن رووسیا هێرشەکەی سەر بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکای ئەنجامداوە.

جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، هێشتا بە دیاریکراوی نازانین لە بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا چی روویداوە و چاودێری دۆخەکە دەکەین و زانیاری لەبارەوە کۆدەکەینەوە.

کێربی هه‌روه‌ها دەڵێ، هەندێک راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن رووسیا ئەنجامدەری هێرشەکەیە و بەهۆیەوە خەڵکی ئۆکرانی گیانیان لەدەستداوە و هەزارن کەسیش ماڵەکانیان بەجێهێشووە و زیانێکی زۆریش بەر ناوچەکە کەوتووە.

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا دوای راگەیه‌ندراوەکەی وەزارەتی بەرگری رووسیا دێت، تێیدا ئۆکرانیا بە ئەنجامدانی هێرشە تاوانبار دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکات بە فەرمی ئیدانەی بکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کە دەکەوێتە سنوری هەرێمی خیرسۆن و لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە تەقێنرایەوە، رووسیا و ئۆکرانیاش یەکتری بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتباردەکەن.

لەبارەیەوە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، قەبارەی زیانەکان و خێرای دەرپەڕینی ئاو لە بەنداوەکە و ئەو ناوچانەی زیانمەند دەبن، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی رووسیا هۆشداریشیدا، تەقاندنەوەی بەنداوەکە هەڕەشەی دروستبوونی لافاو لەناوچەکانی نزیک رووباری دینپرۆ دروست دەکات، هەروەها کاریگەری لەسەر دابینکردنی ئاو بۆ نیمچە دوورگەی کریمیاش دەبێت.

لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی سنوورەکە، کە بەنزیک لە رووسیا ناسراون، سەرەتا رەتیانکردەوە بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا تەقێندرابێتەوە، بەڵام دواتر ئاماژەیان بەوەدا، بەنداوەکە رووبەڕووی هێرشی توندی تیرۆریستی بووەتەوە.

هاوکات، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لەناکاو دەربارەی کاریگەرییەکانی تەقینەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا دەکات.

بەنداوەکە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دروستکراوە و دەکەوێتە سنووری هەرێمی خیرسۆنەوە لە باشووری ئۆکرانیا.