تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە

ئەنجومەنی ئاسایش تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا گەنگەشە دەکات

K24 - مۆسکۆ

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا تاوتوێی مەترسییەکانی ئاسایشی ئۆکراینای کرد، لە دوای تەقاندنەوەی وێستگەی کارەبای بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا.

نوێنەرانی رووسیا و ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکەدا یەکتریان تۆمەتبار کرد، نوێنەری رووسیا رایگەیاند، "ساڵی رابردوو هۆشداریماندایە هەموو لایەک لە ئەنجومەنی ئاسایش، کە ئەگەر هەیە ئۆکراینا ئەم بەنداوە بتەقێنێتەوە، چونکە ئۆکراینا دەخوازێت، بەو رێگایە ئاو لە خەڵکی هەرێمی کریمیا ببڕێت، لەڕووی سەربازیشەوە پشتیوانی زیاتری وڵاتان بۆخۆی بەدەست بهنێت،  هەنوکە بە هاوکاری و چەکی وڵاتانی خۆراوا ئەو کارەی ئەنجامداوە، بەمجۆرە بەرپرسیارێتی ئەو کارەساتە تێکدەر و تیرۆرستییە لە ئەستۆی کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوایە، چونکە ئەوەی روویداوە تاوانی جەنگە".

نوێنەرەکەی رووسیا راشیگەیاند: "تەقاندنەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی، ئێستا کاربەدەستانی خێرسۆن سەرقاڵی رزگارکردنی هاووڵاتیانن".

نوێنەری ئۆکراینا لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، وەڵامی رووسیای دایەوە و گوتی: "ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە بەنداوەکە لەلایەن رووسیاوە تەقێندراوەتەوە، بەوپێیەی بەنداوەکە لەژێر دەسەڵاتی رووسیادا بووە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمەش بەنداوەکە پێشتر بۆمبڕێژ کراوە و دواتر تەقێندراوەتەوە".

نوێنەری ئۆکراینا، گوتیشی: "لە کۆی 24 بەشی بەنداوەکە 11 بەشی تەقێندراوەتەوە، ئێستاش ئێمە دەستمان کردووە بە چۆڵکردنی ناوچەکە بۆ پاراستنی گیانی کەسانی زەرەمەندی دەوروبەری بەنداوەکە".

داواشی لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد بەزوویی هاوکاری مرۆیی بگەیەننە هاووڵاتیانی زەرەرمەندی تەقینەوەی بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا، چونکە تەقینەوەی ئەم بەنداوە بووەتە هۆی درووستبونی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و ژینگەیی، تەنانەت ئەم تەقینەوەیە مەترسی بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی زاپەرۆژێی دروستکردووە.

  40 شوێنی نیشتەجێبوون لافاو زیانی پێگەیاندوون

مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا دەڵێن، کە لانیکەم 40 شوێنی نیشتەجێبوون بە تەواوی یاخود بەشێکی لافاو زیانی پێگەیاندوون، تەنها لە ناوچەی خێرسۆن پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. هەروەها چاوەڕوانی لێکەوتەی زیاتر لەو ناوچانە دەکرێت کە لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادان".

جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە گورزێکە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک کە لە ئێستاوە زیانێکی بەرچاوی پێگەیشتووە، لەناوچوونی بەنداوەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەباش هەیە، جگە لەوەش هەر کەمبوونەوەیەکی کۆنترۆڵنەکراوی ئاستی ئاو لە کۆگاکەدا دەتوانێت سەلامەتی وێستگەی ئەتۆمی زاپەرۆژێی تێکبدات. هاوکارەکانمان لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنی دۆخەکە دەکەن".

مارتن گریفیتس، ئاماژەی بەوەدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ساتێکدا ئامادەیە کاروانەکانی نێوان دەزگاکان و کارمەندانی فریاگوزاری بۆ ئەو ناوچانە بگوازێتەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە.

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش

بەرەبەیانی رۆژی 6/6/2023 بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کە دەکەوێتە سنووری هەرێمی خێرسۆن کە لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، تەقێنرایەوە. مۆسکۆ و کیێڤ یەکتری بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتبار دەکەن، بەنداوەکە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیست لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دروستکراوە، بەنداوەکە بۆ رێکخستنی رۆیشتنی رووباری دنیپەر و دابینکردنی کارەبا و ئاودێریکردنی زەوییەکانی ناوچەکە و گلدانەوەی ئاوی کاخۆڤکا و دابینکردنی ئاو بۆ ناوچەکانی دەوروبەر و هەروەها ئاوی بۆ باکووری کریمیا دابین دەکرد، لەگەڵ بارگاویکردنەوەی گۆمی ساردکەرەوەی وێستگەی ئەتۆمی زاپەرۆژێی.

بەپێی زانیاری و داتاکان تا کاتژمێر 19:00 ی 6/6/2023 بەکاتی مۆسکۆ، 14 شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەی لافاوەکەدا هەن، بەڵام رەنگە ژمارەکە بۆ 80 ناوچە بەرز بێتەوە، نزیکەی 16 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە. دانیشتوانی ناحیەی نۆڤۆ کاخۆڤکا و ناوچەی ئەلیۆشکینسکی و گەلەپریستانسکی چۆڵ دەکرێن و دۆخی فریاگوزاری لە نۆڤۆ کاخۆڤکا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.