ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بەبێ رێککەوتن پڕۆژەیاسای بودجە پەسند ناکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - بەغدا

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 8/6/2023، پەرلەمانی عێراق تایبەت بە پرسی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، 2024، 2025 کۆببێتەوە، ئەندامانی لیژنەی داراییش دەڵێن: هێشتا کێشەکانی رەشنووسی بودجەکە کۆتاییان نەهاتووە، پەرلەمانتارێکی پارتی لە لیژنەی دارایی دەڵێت: بێ رێککەوتن و چارەسەرکردنی ئەو بڕگانەی کە دژ بە خواست و مافەکانی هەرێم دەستکاری کراوە، رێگا نادەین لەنێو هۆڵی پەرلەمان بودجەکە پەسەند بکرێت.

دوای کێشمەکێشی زۆر و نزیکەی 30 کۆبوونەوی لیژنەی دارایی، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی دیاریکرد بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی کۆتاییان نەهاتووە و چەندین گرفتی گەورە لە بەردەم رەشنووسی بودجەکەدا ھەیە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "ئەو خەمڵاندنەی کە بۆ داهاتی نەوتی کراوە، لەناو پڕۆژەیاسای بودجە 117 ترلیۆن دینارە، ئەو خەمڵاندنە لەسەر ئەو بنەمایە کراوە کە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت هەناردە بکات بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لە کاتێکدا کە ماوەی 70 رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و نەتوانراوە قەرەبووی ئەو کورتهێنانەش بکرێتەوە".

گوتیشی: "ئەم بابەتە کاریگەری دەبێ لەسەر خەمڵاندنی کۆی داهاتی نەوتی ناو پڕۆژەیاساکە".

پینج بڕگەی مەترسیدار بۆ ماددەی 14 لە رەشنووسی بودجەدا زیادکراوە، کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی ئاماژە بەوەدەکات نیمچە رێککەوتنێکی سەرەتاییان کردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بڕگانە، بەبێ رێککەوتنی سیاسیش رێگا نادەن دەنگ بە بودجەکە بدرێت لەنێو پەرلەمان، هەروەها نابێت هیچ بڕگەیەکیش هەبێت کە دژ بە خواست و مافەكانی ھەرێمی كوردستان بێت.

خەلیل غازی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەبێ رێککەوتن پڕۆژەی یاسای بودجە دەنگی لەسەر نادرێت، لێک نزیکبوونەوە لەنێوان هەموو فراکسیۆنەکان هەیە و هەوڵدەدەن پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت".

بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 بە نزیكەی 200 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، کورتهێنانەکەشی 64 ترلیۆن دینارە، هاوکات 83% پشت بەستراوە بە داهاتی نەوت و %17شی بە داهاتە ناوخۆیی و نانەوتییەکان.