ئەنجومەنی وەزیران دواپێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی دواپێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، چەند تەوەرەیەک دەخرێنەڕوو: تەوەرەی یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 - 2025، بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

لە تەوەرەی دووەمدا، داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و ڕێنماییی نوێی وەزارەتی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو.

تەوەرەی سێیەم تایبەت دەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبیلی تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت.

لە تەوەرەی چوارەمدا بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی ڕێگا گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان دەخرێتەڕوو.