پزیشکێکی ڤێرتەرنەری: زیاتر لە 60 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان هەن

ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر
ژمارەیەک سەگی بێلانە لە هەولێر

K24 - هەولێر

پزیشکێکی ڤێرتەرنەری رایدەگەیەنێت، سەرووی 60 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان هەن و باشترین چارەسەر بۆ کێشەی زۆربوونیان، دروستکردنی شێڵتەر و دواتر خەساندنیانە. دەشڵێت، "سەگە بێلانەکان ئەو کاتە پەلاماری خەڵک دەدەن، کاتێک هەست بە ترس دەکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، سلێمان تەمەر، پزیشکی ڤێرتەرنەری و  بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵانی کێوی لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، باشترین چارەسەر بۆ کێشەی زۆرربوونی سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان، خەساندنیانە لە رێگەی نەشتەرگەریی پزیشکییەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەم رێکارە لە بەریتانیا، هیندستان، ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتان گیراوەتەبەر، نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی لێدەکات و سەرکەوتوو بووە.

لەبارەی ژمارەی سەگی بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو پزیشکەی ڤێرتەرنەی گوتی، "سەردانی زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانم کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی سەگە بێلانەکان بکەم. پێموایە لە سنووری پارێزگای سلێمانی سەرووی 30 هەزار، لە سنووری هەولێر سەرووی 20 هەزار و لە سنووری دهۆکیش سەرووی 10 هەزار سەگی بێلانە هەن".

وەکو ئەوەی سلێمان تەمەر ئاماژەی پێ دەدات، "ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و نەبوونی خواردن و خواردنەوەی پێویست لە گوندەکان، سەگە بێلانەکان روویان لە سەنتەری شارەکان کردووە و خواردنی پێویست لەبەر دەرگای ماڵان و نێو تەنەکەی خوڵدا بەدەستدەهێنن".

 بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵانی کێوی لە دهۆک دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئێستا هاووڵاتییان مامەڵەیەکی باش لەگەڵ سەگەکاندا دەکەن و نایانکوژن، ژمارەکەیان زۆرتربووە. گوتیشی، "راستە ژمارەکە ساڵانە زیاد دەبێت، بەڵام ئەگەر هیچ کەسێک هێرشیان نەکاتە سەر، ئەوانیش پەلاماری هاووڵاتییان و منداڵان نادەن. سەگ و سەرجەم ئاژەڵانەکانی دیکە، کاتێک هەست بە ترس دەکەن و وا دەزانن هێرشیان دەکرێتە سەر، ئەو کات پەلاماری خەڵک دەدەن و پارێزگاری لە خۆیان دەکەن".

هاوکات لەبارەی چۆنیەتی جووتبوون و زۆربوونی سەگەکان، ئەو پزیشکەی ڤێرتەرنەری گوتی، "سەگی مێینە لە نۆ مانگیدا دەتوانێت لەگەڵ سەگی نێرینە جووت بێت. ساڵانە دوو جار زاوزێ دەکەن و هەر جارێک هەشت بۆ 12 بێچوویان دەبێت".

دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگی بێلانەوە لە شار و شارۆچەکە جیاجاکانی هەرێمی کوردستان زیادیکرد، لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستکرا بە دروستکردنی شێڵتەر بۆ سەگی بێلانە، بۆ ئەوەی بخەسێندرێن و دواتر بەرەلابکرێن.

دروستکردنی شێڵتەرەکە لە سنووری هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە

رۆژی دووشەممە 15ـی ئایاری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاردرا لە دەرەوەی شار شێڵتەرێک بۆ سەگی بێلانە دروستبکرێت. شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دەستیپێکردووە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە.

وەکو ئەوەی پارێزگاری هەولێر باسی کرد، ''ئامادەکردنی شێڵتەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، میکانیزمی دەستگیرکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێدەکەین.'' ئاماژەی بەوەشکرد، سەگە بێلانەکان لە شێلتەر راناگیرێن و دوای خەساندن و ڤاکسینکردنیان، بەرەڵڵا دەکرێنەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی، بۆ کۆکردنەوەی سەگەبێلانەکان پێویستییان بە هاوکاری خەڵکە و هەڵمەتێک رادەگەیێنن بۆ ئەوەی هەر گەنجێک دەیەوێت لە پڕۆسەکەدا بەشدار بێت و، وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، تێچووی ئەم پڕۆژەیە بۆ حکومەت زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.

شارەوانی دهۆک: 50%ـی کارەکانی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە تەواو بووە

رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، رۆژی 27ـی ئەیلوولی 2022 دەستکراوە بە دروستکردنی شێڵتەرێک بۆ سەگە بێلانەکانی سنووری ئەو پارێزگایە و ئێستا 50%ـی کارەکانی ئەو شێڵتەرە تەواو بووە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە.

وەکو ئەوەی ئیسماعیل مستەفا ئاماژەی پێ دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 323 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردنی ئەو شێڵتەرە خەرجکردووە و دەکەوێتە ناوچەی "شکەفتێ کەنارکێ" لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای دهۆک و لەسەر چوار دۆنم زەوی دەست بە دروستکردنی کراوە.

بەگوتەی بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی دهۆک، شێڵتەرەکە لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەم بۆ سەگی بێلانەیە، قۆناغەکانی دووەم و سێیەم بۆ پشیلە، گوێدرێژ و ئاژەڵەکانی دیکەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە قۆناغی یەکەمدا لەلایەن پزیشکی ڤێرتەرنەری پسپۆڕەوە سەگە بێلانەکان دەخەسێندرێن و دواتر بەرەلا دەکرێنەوە.

لە سلێمانی ئاژەڵدۆستان نیگەرانن لە دۆخی سەگە بێلانەکان لە نێو شێڵتەرەکاندا

رۆژی چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023 ژمارەیەک ئاژەڵدۆست و چالاکوانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە دژی ئەو مامەڵەی لەگەڵ سەگە بێلانەکان لە نێو ئەو شێڵتەرەی بۆیان دروستکراوە دەکرێت، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، ئەو شێڵتەرە بۆ ئەوە دروستکراوە، خزمەتی سەگەکان بکرێت، کەچی بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و بارودۆخیان لە پێشتر خراپتربووە.

شێڵتەرەکەی سلێمانی، نزیکەی 500 سەگى تێدا کۆکراوەتەوە، رۆژانەش تیمێکى شارەوانى 20 تاوەکو 40 سەگ لە کۆڵانەکاندا دەگرن و دەیبەن بۆ ئەوێ. چالاکوانان و ئاژەڵدۆستان داوای هاریکاریی و دابینکردنى چارەسەر، دەرمان و پێداویستى پزیشکى بۆ سەگە بێلانەکانی شێڵتەرەکە دەکەن، چونکە تا ئێستا دەیان سەگ لە نێو شێڵتەرەکەدا مردار بوونە.

رۆژی 10ی کانوونی دووەمی 2022، لە نزیک بازگەی عەربەت نزیکەی 30 دۆنم زەوی تەرخانکرا بۆ پارکی ژینگەیی و پێنج دۆنم لەو زەوییە بە سیاجکردن جیاكراوەتەوە و سەگی بێلانەی تێدا بەخێودەكرێت، بەڵام هەر لەکاتی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان ناڕەزایەتی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و پاراستنی ژیانی سەگەکان لەلایەن چالاکوانان و ئاژەڵدۆستانەوە هەیە.