پۆلیسی راپەڕین: دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی وەرزێر ئەحمەد دەستگیرکران
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێک بەناوی (وەرزێر ئەحمەد) دوو تۆمەتبار دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لەبارەی دۆسیەی کوشتنی گەنجێک لە قەڵادزێ دەڵێت: دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر رووداوەکە، دوو هاوڕێی خۆی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو گەنجە لەلایەن ئاسایشی قەزای ماوەت دەستگیرکران و دواتر رادەستی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین کرانەوە.
وەرزێر ئەحمەد (لەدایکبووی 2002) شەوی 4ـی حوزەیرانی 2023، دانیشتووی قەڵادزێ لە گەڕەکی راپەڕین بە چەقۆ بریندار دەکرێت و دواتر گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، هەرچەندە بەهۆی سەختی برینەکەی بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەڵام لە رێگا گیانی لەدەستدا.
ئاماژە بەوەشدرا، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا. پاشان به بڕیاری دادوەر بە ماددەی 405 له یاسایی سزادانی عێراقی هەردوکیان راگیراون، لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.