بەسەدان کارمەندی کەناڵی BBCی بەریتانی ماندەگرن

K24 - هەولێر

سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی بەریتانیا رایگەیاند، کارمەندانی کەناڵی BBC، بەهۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکانی پەخشی ناوخۆیی لە بەریتانیا، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر ماندەگرن.

سەندیکای نیشتمانی رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەوە هەزار کارمەندی کەناڵی " BBC " کارەکانیان رادەگرن، ئەمەش وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پلانەکانی کەناڵەکەیە بۆ کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی پەخشی ناوخۆیی لە سەرانسەری بەریتانیا.

سەندیکاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکان لەگەڵ دەستەی کەناڵی BBCدا وەستاون،  پێشنیارەکان نەیانتوانیوە چارەسەری نیگەرانییەکانی سەندیکاکە بکەن، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان و زیادکردنی بەرنامە هاوبەشەکان.

پۆڵ سیگەرت، رێکخەری پەخشی نیشتمانی سەندیکاکە دەڵێت: رۆژنامەنووسان بۆ بەرگریکردن لەو خزمەتگوزارییانە ماندەگرن، کە لەلایەن کۆمەڵگەکانی وڵاتەوە بەهایان پێدەدرێت، چونکە بەهۆی کەمکردنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانە، هاووڵاتیان لێی بێبەش دەبن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم مانگرتنە 48 کاتژمێرییە پەیوەندی بە رۆژنامەنووسانەوە هەیە کە بەرگری لە خزمەتگوزارییەکانی کەناڵی ناوخۆیی دەکەن، خەڵکیش هەوڵی پاراستنی کەناڵی ناوخۆیی دەدات".

لای خۆیەوە گوتەبێژی (بی بی سی) گوتی: تێدەگەین کە ئەمە قۆناغێکی سەختی گۆڕانکارییە بۆ زۆرێک لە هاوکاران، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی هەموو ئەوانەی کاریگەرییان لەسەرە، بەهۆی پلانەکانی بەرزکردنەوەی خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکانی ناوخۆمان لە رێگەی هەواڵ و دەنگەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی ناوخۆیی لە رێگەی تەلەفزیۆن، رادیۆ ئۆنلاینەکانەوە کە بەها دەگەیەنێت.