شەش کچی دیکەی ئێزدی به‌ كه‌سوكاريان شاد بوونەوە

شەش کچی دیکەی ئێزدی به‌ كه‌سوكاريان شاد بوونەوە
شەش کچی دیکەی ئێزدی به‌ كه‌سوكاريان شاد بوونەوە

K24 - هەولێر

ئه‌و شەش کچە ئێزدییەی كه‌ پێش چوار رۆژ رزگارکران، ئه‌مڕۆ له‌ شارى دهۆك بە کەسوکاریان شاد بوونەوە.

لە ھێرشی رێکخراوی تیرۆریستانی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 14، داعش ژمارەیەکی زۆر ئێزدی رفاند و ژمارەیەکیشی لێ کوشتن.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دامەزراند و بە گوێرەی داتاکانی نووسینگەکە، داعش شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاندووە، لەو ژمارەیە سێ ھەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو ھەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون، لەوانەش سێ ھەزار و 568 کەسیان رزگارکراون.

 رۆژی شەممە 3ـی حوزەیرانی 2023، نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی و دامەزرێنەری رێکخراوی 'دەستپێشخەریی نادیە' و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو: "بە ھەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانرا شەش کچی دیکەی ئێزدی رزگار بکرێن، کچە رزگارکراوەکان کاتێک لە 2014 لەلایەن داعشەوە بەدیل گیران، ھێشتا منداڵ یان مێرمنداڵ بوون و، لە عێراقەوە براونەتە سووریا و بەیانی رۆژی شەممە رزگارکران، ھەموو پاڵپشتییەکی دەروونی و کۆمەڵاتییان بۆ دابین دەکرێت".