سەگە بێ لانەکانی شێڵتەری سلێمانی زۆرینەیان تووشی نەخۆشی پێست بوون

وێنەی نێو شێلتەری سەگە بێ لانەکان
وێنەی نێو شێلتەری سەگە بێ لانەکان

K24 - سلێمانی:

بە گوێرەی چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆیەک کە بۆ کوردستان24 نێردراوە، سەگە بێ لانەکانی شێڵتەری سلێمانی لەسەر رێگای عەربەت زۆرینەیان تووشی گەڕی هاتوون، کە نەخۆشییەکی پێستە.

چالاکوان و رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵان لە سلێمانی بە کوردستان24ـیان راگەیاند، سەگەکانی ئەو شێڵتەرە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، نان و ئاوی پێویستیان پێنادرێت و لە کەشێکی گەرمدا بەجێهێڵدراون.

ئەو چالاکوانانە دەڵێن: ئێمە لەگەڵ ئەوە نین سەگەکان کۆنەکرێنەوە، بەڵکو دەڵێین با کۆبکرێنەوە و نەزۆک بکرێن، دواتر تێكەڵ بە ژینگە بکرێنەوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، سەگە بێ لانەکان لەکاتی کۆکردنەوەیاندا لەبری ئەوەی بە دەرمانی بیهۆشکەر کۆنترۆڵ بکرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و بە زەبری هێز دەخرێنە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگەکان.

سەبارەت بە ژمارەی سەگە بێ لانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی حوزەیرانی 2023، سلێمان تەمەر، پزیشکی ڤێرتەرنەری و  بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی ئاژەڵانی کێوی لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرووی 60 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان هەن و باشترین چارەسەر بۆ کێشەی زۆربوونیان، دروستکردنی شێڵتەر و دواتر خەساندنیانە. دەشڵێت، "سەگە بێلانەکان ئەو کاتە پەلاماری خەڵک دەدەن، کاتێک هەست بە ترس دەکەن".