پاپا فرانسیس نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی بۆ ئەنجامدەدرێت

پاپای ڤاتیكان،
پاپای ڤاتیكان،

K24 – هەولێر:

ڤاتیکان رایگەیاند کە پاپا فرانسیس تەمەن 86 ساڵ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە رۆما نەشتەرگەرییەکی بەپەلەی لە ژێر بێهۆشکردنی گشتیدا بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی تووشی گیرانی ریخۆڵەکان نەبێت.

ماتیۆ برۆنی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی کورسی پیرۆز، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، پاپا کە لە ساڵی 2021 نەشتەرگەری قۆڵۆنی بۆ کراوە، تووشی فتق بووە کە "دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی نیشانەکانی ئازاربەخش و توندکردنەوەی نەخۆشییەکە".

بە گوێرەی گوتەی تیمە پزیشکییەکانی پاپا فرانسیس،  دوای نەشتەرگەرییەکەی دەبێت پاپا چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە.

خۆرخی ماریۆ بیرگۆگلیۆ، کە بەناوی (پاپا فرانسیس) ناودەبرێت، لە رێکەوتی (17ــی کانوونی یەکەمی 1936) لە شاری (بۆینس ئایریسی) لە پایتەختی وڵاتی ئەرجەنتین لەدایکبووە، فرانسیس کریستیانی ئەمەریکای لاتینییە و یەکەمین کەسی ئەو کیشوەرەیە لە مێژووی ڤاتیکان کە بە رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان هەڵبژێردرێت.

فرانسیس لە رۆژی (13ــی ئاداری 2013) بە پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا و جێگەی پاپا بینێدیکتی شازدەیەمی گرتەوە کە ناوبراو لە (16ــی شووباتی 2013) دەستی لەکارکێشاوە، پاپا فرانسیس خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری فەلسەفە و خواناسیدا، لە زانکۆی بۆینس ئایریسی ئەرجەنتین، هاوکات بڕوانامەی ماستەرێکی دیکەی هەیە لە بواری زانستی کیمیادا لە هەمان زانکۆ.