کوردستان24 ناوەڕۆکی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بودجە ئاشکرا دەکات

"رێککەوتن لەسەر ئەوەی بەم گۆڕانکارییانە پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بکەن"
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە - ئەرشیف
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە - ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) گەیشتنە رێککەوتن پێش ئەوەی سبەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی حوزەیرانی 2023) لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا کۆبوونەوە کە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە و لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتوونە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە قەبارەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە سەرپەرشتی پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتەکە لە بەندەری جەیهانی تورکیا دەکات.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە بە رێژەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە و ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەوشێوەیە ئەنجام نەدرا، ئەوا هەمان ئەو بڕە نەوتە دەدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و داهاتەکەشی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت نەک وەزارەتی دارایی عێراق.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە لە خاڵی سێیەمی ئەو رێککەوتنە ئاماژە بەوەکراوە، لە بەرامبەر پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

هەروەها لایەنەکانی نێو هاوپەیمانییەتییەکە رێککەوتوون کە سبەی پێنجشەممە دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 بدەن بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، وابڕیارە سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی تاوەکو ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە یاخود ئەو پرسانەی جێی ناکۆکی نێوان لایەنەکانن.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی حوزەیرانی 2023)، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 لەبارەی دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "گفتوگۆکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و بە تایبەت هەردوو ماددەی 13 و 14 کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، بەردەوامن و لێکتێگەییشتنێک لەنێوان لایەنەکان بۆ ئەو مەبەستە هەیە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "پرسی پڕۆژەیاسای بودجە لە پرسەکانی دیکە جیاوازە، پێموایە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت پارتی پڕۆژەیاساکەیان پێ باش نەبێت و ناڕازیبن، هیچ بڕیارێکی لەسەر نادرێت و پەسەند ناکرێت، بە دووریشی دەزانم زۆرینەی پەرلەمانی بۆ ئەو پرسە بەکاربهێندرێت".

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ئەوەی چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی، پێشنیازێکی نوێ دەبەنە کۆبوونەوەکە و هەوڵی خستنە دەنگدانی دەکەن، نوێنەرانی پارتی و یەکگرتوو لە کۆبوونەوەکە دەکشێنەوە و چەند نوێنەرێکی سوننەش دەنگ بەو پێشنیازانە نادەن.

لەلایەن خۆیەوە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ کوردستان24 دووپاتیکردەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو پێشنیازانە نوێ بوون و بواری ئەوەش نەدرا گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت کە دەقی پێشنیازەکانیش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدان مەترسی بۆ سەر بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، ئەوان لە کۆبوونەوەکە پاشەکشەیان کردووە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ئیخلاس دلێمی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق زانیاری نوێی له‌ باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ و مادده‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ کوردستان24 ئاشكراکرد و رایگەیاند، په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و عه‌سائیب پێشنیازه‌كانیان كردووه‌ و له‌ كاتێكدا رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌رنه‌كراوه‌ لەلایەن لیژنەکەوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان.

زیاتر گوتی، "رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 9ـی شەو کۆبووینەوە و رێککەوتین، کە ماددەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە نەکرێت و دوابخرێن، بەڵام کە چووینە هۆڵی کۆبوونەوە بینیمان ماددەکان دەستکاریان کراوە و لەلایەن یەکێتی و عەسائیب ئەهلی حەق پێشکەشکراوه‌، ئێمە بەم گۆڕانکارییە شۆک بووین، نوێنەری یەکێتیش گوتی ئەمە پێشنیازی ئێمەیە و خوێندیانەوە، ئێمە رەخنەمان لە شێوازی پێشکەشکردنەكه‌ گرت بەوەی كه‌ رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر نییە و دەبوایە کۆپییەکیشی لەبەردەستی لیژنەی دارایی هەبوایە، کە هیچ یەكێکیان نەبوون".

رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە".

هاوکات رۆژی هەینی (26ـی ئایاری 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمان رەزامەند نەبووم، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەناچێت بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.