نەبوونی هۆڵی شانۆیی چ ئاستەنگێک بۆ شانۆکارانی کورد دروست دەکات؟

K24 - هەولێر:

شانۆ باوکی هونەرەکانە و یەکێکیشە لە کۆنترین هونەرەکان، کە تەمەنی زیاتر لە 4 هەزار ساڵە و یۆنانیەکانیش داهێنەری ئەو هونەرەن لە جیهاندا، شانۆ بە گشتی بریتییه‌ له‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی هونه‌ر، تێیدا ئه‌كته‌ره‌كان نواندن بۆ ده‌قێكی نووسراو ده‌كه‌ن و ده‌رهێنه‌رێك رۆڵه‌كانیان پێ ده‌سپێرێ و پەیامێکی گەورە دەگەیەننە بینەر.

لە کوردستانی خۆشماندا هونەری شانۆ مێژووێکی جوانی هەیە و سەردەمانێکیش شانۆ سەکۆیەک بوو بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕش، بەتایبەت لە ناوەڕاستی حەفتاکان و هەشتاکان، کە چەندین جار دەرگای هۆڵەکان دەشکێندران بۆ بینینی نمایشە شانۆییەکان.

مخابن ئەو هونەرە باڵایە لە هەولێر و سلێمانی و گشت شار و شارۆچکەکاندا لە رووی نەبوونی هۆڵەوە جۆرێک لە بێنازی شانۆکارانی پێوە دیارە، بەڵام هەمیشە بەردەوامە لە داهێنان و هونەرمەندانیش سەرەڕای رووخانی هۆڵی گەل، کە چەندین شانۆی نەمریان تێدا تۆمارکردووە، هیچ کات سڵیان نەکردووەتەوە لە بەخشش و داهێنان لە بوارەکەدا، هەر بۆیە دەپرسین نەبوونی هۆڵی شانۆیی چ ئاستەنگێکی بۆ بەرهەمە شانۆییەکانی شانۆکاران دروست کردووە و چی بکەین بۆ ئەوەی بینەر لەگەڵ شانۆی کوردی ئاشت بکەینەوە، ئایا حکومەت چی لە پلاندایە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی هۆڵە شانۆییەکان.

 هۆڵی (گەل) و سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی

"هیوا سوعاد" سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر، راشکاوانە ئاماژە بۆ رابردووی جوانی شانۆ و سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی لە هەولێر دەکات، کە وێڕای هەموو ئاستەنگەکانیان لە سەردەمی رژێم و نەبوونی بودجەی پێویست، بەڵام ڕوحیەتێکی جوان بۆ ئەو هونەرە هەبووە و هونەرمەندان هەمیشە وەک رووبارێک پڕۆژەی هونەرییان گەڵاڵە کردووە و زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمەکانیشیان لە هۆڵی (گەل) تۆمار کردووە، کە بوونەتە یادگاری شیرینی لە ژیانی هونەرمەندان، هاوکات سەردەمانێک شانۆکاران رۆڵی پێشمەرگەئاسایەکیان دەبینی، کاتێک لەسەر تەختی شانۆدا پەیامەکانیان بۆ پشتیوانی شۆڕش دەنارد و گڕوتینێکیان بە شۆڕش دەبەخشی.

مخابن دوای تۆمارکردنی ئەو هەموو داهێنانە جوانە لە نێو شانۆدا، هەولێری پایتەخت بەدەم خەمی نەبوونی هۆڵی پڕۆفیشناڵ و شایستە بە هونەرەکە دەناڵێنێت و چەندین جاریش بە گوێی لایەنی پێوەندیداردا چرپێندراوه و هاواری شانۆکارانمان گەیاندووەتە حکومەت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینه خەونەکەمان، کە دروستکردنی چەند هۆڵێکی مۆدێرنە بۆ هونەری شانۆ، کە دەتوانین هەم بەرهەمی جوان پێشکەشبکەین، هەم شانۆ بە پیشە بکەین لەو شارە و ئیتر بیر لەوە بکەینەوە، کە پێویستمان بە پیشەسازی شانۆیە و باری حکومەتیش سووک بکەین و هاوکاریش بین لەبەردەم خەمی شانۆکاراندا.

بەڵێ، گەر بمانەوێت هەنگاو بۆ ئاوەدانی زیاتر بنێین لە هەرێمی کوردستان دەبێت چەندین هۆڵی پڕۆفیشناڵمان هەبێت و بە گەشتیارانی بیانیش بڵێین هونەر و کلتووری ئێمە زیندووە و بۆ هەتا هەتاش دڵی لە لێدان ناکەوێت.

گەر لە ڕابردووی شانۆی هەولێریش وردبینەوە، ئێمە تا ئێستا حەوت خولی شانۆمان لە هەولێر سازکردووە، بەڵام بەردەوام گرفتی نەبوونی هۆڵمان هەبووە، ناچار چووینەتە هۆڵی میدیا و پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە ئەوانیش چەند هۆڵێکی ئاسایی و کۆنن، کە ناتوانرێت دیکۆری جوان لێدابنرێت، یان زۆرجار تووشی گرفتی دەنگ دەبینەوە لەو هۆڵانەدا، چونکە لە راستیدا بۆ شانۆی ئێمە گونجاونین و ژمارەیەکی کەمی بینەریش دەتوانێت ئامادەیی نمایشەکان بێت.

 هەولێر دڵی بۆ شانۆ لێدەدات

لە چوارچێوەی ڕێپۆرتاژەکەمدا گەورە هونەرمەندێکمان دواند، کە زیاتر لە نیوسەدەیە لەسەر تەختی شانۆدا دەبینرێت و هەموو ژیانی خۆی پێشکەش بە هونەری شانۆی کوردی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمی رەش و سپی دا "عەلی ئەحمەد" وەک ناوێکی گەورە لە هونەری شانۆدا دەبینرا و تا دەگات بە ئەمڕۆش هەر بەردەوامە و دەشڵێت: "شانۆ ناهێڵێت پیربم و هەمیشە بە رۆڵێکی شانۆیی گەنج دەبمەوە".

لە وەڵامی تەوەرەکەشدا گوتی: "گەورەترین گرفتی شانۆکارانی کورد، هەولێر بەتایبەتی نەبوونی هۆڵی مۆدێرن و شایستە بە کاری شانۆییمان هەیە، چونکە گەر بمانەوێت هەرێمێک لە چەشنی وڵاتێکی مۆدێرن دروست بکەین دەبێت بیر لەوە بکەینەوە، لە پلانی ئاوەدانی دا هونەر بکەین بە پێشەنگی کارەکانمان بۆ ئەوەی بە گەلانی جیهان بڵێین ئێمە میللەتێکی هونەردۆست و عاشقین بە هونەرەکانی شانۆ و سینەما و گۆرانی و موزیک".

لەو سۆنگەوەش دەبێت پەنا ببەین بۆ لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت بەتایبەتی کە مشورێکی جیدی لەو مەسەلەیە بخوات و هەولێر ببێت بە خاوەن چەندین هۆڵی پڕۆفیشناڵی شانۆیی، تا بتوانین پڕۆژەی نوێی هونەری گەڵاڵە بکەین و عاشقانی ئەو بوارە چی دیکە بەهۆی نەبوونی هۆڵێکی جوان لە شانۆ بێبەش نەکەین و بە هونەرمەندانی کوردیش چی دیکە هەناسە سارد نەبن لە ئاست گوێنەدان بە داواکانیان، کە دروستکردنی هۆڵی شانۆیە بۆ کار و داهێنانەکانیان.

 شانۆکارە بە سەلیقەکانی ئەمڕۆ لە شانۆ سارد مەکەنەوە

لە دوا چرکەکانی ئەم ڕێپۆرتاژەدا، خانمە ئەکتەری بواری شانۆ "رووپاک عەبدولقادر"، کە یەکێکە لەو هونەرمەندە شانۆکارانەی سەردەمانێک لە قەیرانی نەبوونی ئافرەت لەسەر تەختی شانۆدا، بەوپەڕی بوێرییەوه بێ گوێدانە، تانە و توانجی کۆمەڵگە خۆی خزاندە نێو شانۆ و بەشداری کارای هەبوو لە کارە شانۆییەکاندا و هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت بە هەمان سەلیقە و عەشقەوە لەگەڵ هونەرەکەی دا بەردەوامە، چونکە لای ئەو شانۆ عەشقێکە و دڵ و دەروونی داگیرکردووە.

لە بارەی نەبوونی هۆڵی شانۆیشدا دەڵێت: "جێگەی داخە دوای ئەو هەمووە ساڵە، کە کاری شانۆیی دەکەین لەو شاره، رۆژێک حکومەت یان سەرمایەدارانی کورستان، بە گرنگیەوە نەیڕوانیووەتە خەمی هونەرمەندان، کە داواکانیان زۆرنیین، بگرە بۆ گیرفان پڕکردنی خۆیان نیین، بەڵکو خەمی جوانی و ئاوەدانی ئەو شارەیە و نیشاندانی سیمایەکی مۆدێرنە لە هەولێر، کە پێویستیەکی گرنگە و ناکرێت ئەو شاره لەو مەسەلەیەدا پەراوێز بخرێت و تا ئەمڕۆش هۆڵێکی پڕۆفیشناڵی نەبێت، زیاتر لەوەش دەڵێم، هەوڵمەدەن ئەو هەموو کچە شانۆکارە پڕ وزەیەی ئەمڕۆ هاتوونەتە پێشەوە لەو بواردەوە ساردیان مەکەنەوە، بەڵکو بتوانرێت سوود لە توانا و داهێنانەکانیان وەربگیرێت و ئێمەش هەست بەوە بکەین، کە خاوەن ماڵێکی هونەرین و دەتوانین هونەری خۆمان پێشکەش بە بینەری هونەردۆستی ئەو شاره بکەین.