بە هۆی تەقینەوەی بەنداوی کاخۆڤکا 40 هەزار کەس لە خێرسون دەگوازرێنەوە

فۆتۆ: AA
فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

بەهۆی تەقینەوەی بەنداو و وێستگەی هایدرۆئەلەکتریکی نۆڤا کاخۆڤکا، کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو، پێویستە 40 هەزار کەس لە دانیشتووانی خێرسون-ی ئۆکرانیا دەگوازرێنەوە.

ئالێکساندەر پرۆکودین سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خێرسۆن، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەو رەوشە کردووە کە بەهۆی تەقاندنەوەی بەنداوی کاخۆڤکاوە دروستبووە، نووسیویەتی: "ئاستی لافاوەکە دادەبەزێت بەڵام بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر بەنداوەکە کەوتووە هاتنی ئاو بەردەوامە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانمان ئاستی ئاوەکە لە ماوەی 20 کاتژمێردا مەترێکی دیکە بەرز دەبێتەوە".

پرۆکودین، ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەزار و 852 خانوو لە لای راستی رووباری دینیەپەر ژێر ئاو کەوتوون و هەزار و 457 کەسیش لەو ناوچەیە گوازراونەتەوە.

سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خێرسۆن، راشیگەیاند، پێویستە 40 هەزار کەسی دانیشتووی ناوچەکە بگوێزرێنەوە.

رووباری دینیەپەر کە بە ناوچەی خێرسۆندا تێدەپەڕێت، لایەکی لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە.

ڤلادمیر لیۆنتیەڤی سەرۆکی شارەوانی شاری نۆڤایا کاخۆڤکا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، لە لێدوانێکیدا بۆ راگەیاندنە ناوخۆییەکان باسی لەوە کرد "لەو شارەدا ئاستی ئاو کەم کەم دەستی بە دابەزین کردووە و رەوشەکە کۆنترۆڵکراوە".

بەرەبەیانی رۆژی 6/6/2023، بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا کە دەکەوێتە سنووری هەرێمی خێرسۆن و لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە تەقێنرایەوە، رووسیا و ئۆکرانیاش یەکتری بە ئەنجامدانی کارەکە تۆمەتباردەکەن.