ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كۆده‌بێته‌وه‌

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ و هێزه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تیش به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

له‌كارنامه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراقدا هاتووه‌، به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025، دانیشتنی په‌رله‌مان كاتژمێر 1ی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ ئاماده‌بوونی لیژنه‌ی دارایی و لیژنه‌ی پلاندانانی ستراتیژی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هاوپه‌یمانی بەڕێوەبردنی ده‌وڵه‌ت كه‌ كورد به‌شێكی گرنگی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقدا، دوێنێ بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن و پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وە هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شه‌وی رابردوو له ‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن و ده‌نگ به‌ 67 مادده‌كه‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵ بده‌ن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەکەیاندا رێککەوتن لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە بە رێژەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە و ئەگەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەوشێوەیە ئەنجام نەدرا، ئەوا هەمان ئەو بڕە نەوتە دەدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و داهاتەکەشی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

سەبارەت بە داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر ئەوەی سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت نەک وەزارەتی دارایی عێراق.

هەروەها ئەوەش روونکراوەتەوە لە خاڵی سێیەمی ئەو رێککەوتنە ئاماژە بەوەکراوە، لە بەرامبەر پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.

پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.