دانا جەزا: ئەگەر مافی کورد لە بودجەدا نەبێ پارتی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات

دانا جەزا
دانا جەزا

K24 - هەولێر

دانا جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: " ئەگەر مافی کورد لە بودجەدا نەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکات، بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق.

لەمیانی بەشداریکردنی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "تائێستا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان هەیە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە، چونکە لادانێک هەبووە لەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کراوە، لە رێککەوتنەکە نەخشەڕێگەیەکی توندوتۆڵ دانرابوو، نەک تەنیا لەسەر بودجە بەڵکو لەسەر هەموو بوارەکان کە پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "دەستکاریکردنی چەند ماددەیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان نایاسایی و نادەستوورییە و بووەتە جێی نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموومان".

دانا جەزا، راشیگەیاند: "دواکەوتنی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، پەیوەندی بە ناکۆکیی نێوان لایەنەکانەوە هەیە، پێشتریش چەندین جار ئەو سیناریۆ لەمشێوەیە هەبووە، رێککەوتنی سیاسی کراوە، بەڵام دواتر لەلایەن هەندێک لایەن جێبەجێ نەکراوە".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە ئەمڕۆ بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە بکرێت، گوتی: "ئاراستەیەک هەیە لەلایەن ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە شیعەکان، دەیانەوێت کۆبوونەوە بکرێت بەو گۆڕانکاریانەی لە لیژنەی دارایی کردویانە، ئاراستەیەکی دیکە هەیە دەیانەوێت دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە بە رێککەوتن بکرێت ئەگەر دواشبکەوێت، چونکە بودجە پەیوەندی بە سەرجەم سێکتەرەکانی وڵاتەوە هەیە، بە بڕوای من لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی، ئەگەر ئەو بودجە مافەکانی کوردی تێدا جێگیر نەکرێ، بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان ناکەن، ئەگەر بە زۆرینە و کەمینە تێپەڕێنرێ کە لە چەند ساڵی رابردوو چەند جارێک بەکارهێنراوە ئەوە بابەتێکی ترە، هیوادارم ئەمە نەکرێت".

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو: "دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس لەبارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەو لایەنانەی عێراق کە فشار دەخەنە سەر حکومەتی عێراق، هەڵوێستیان توندتر بووە و دەیانەوێت فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام بێگومان ئەوە لەلایەن هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکرێ".

دەشڵێت: "‌ئەو هێزە سیاسیانە نوێنەری کوردن و بەشدارن لە حکومەتی عێراق، پێویستە یەکدەنگ بن و یەک بڕیاربن، ئەمە هێزێکە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر هەر هەوڵێک دژی هەرێمی کوردستان بنرێت، پێویستە لەسەر بنەمای دەستوور لە رێگەی سەرۆککۆمار و دادگای فیدراڵی رێگری لێ بکرێت، چونکە دەستوور پارێزەری گەلی عێراقە بە گشتی و سەرۆککۆمار و دادگای فیدراڵیش پارێزەری دەستوورن، دەبێ سەرۆککۆمار هەڵوێستی جدی هەبێت، ئەگەر پڕۆژەیاسای دەستوور مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا نەبێت، پێویستە سەرۆککۆمار بیگڕێتەوە، وەکو کاراکتەرێکی بەهێز بەناوی هەموو گەلی کوردستانەوە بەرگری بکات و دادگای فیدراڵی بهێنرێتە سەر خەت، دەبێ پێگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ئیداریی و یاسایی هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە رێز لە هەرێمی کوردستان بگیرێت".