سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رێککەوتن

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان لە حسابێکی بانکی تایبەت دادەنرێت و راشیگەیاند، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رێککەوتن.

لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر داڕشتنەوەی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە ئەو پشێنیازەی ئێستا هەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیداڵی و هەرێمی کوردستان کراوە و دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژەیاساکە ئەنجامی دابوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕگەی (‌آ) لە ماددەی 13ـی پرۆژەیاسای بودجە بەم شێوەیە دارێژراوەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بە هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆگاکانی کۆمپانیای سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی بەشێوەیەک لە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات و لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت. هەروەها کۆمپانیای سۆمۆ هەڵدەستێت بە هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە و بەهەمان نرخ و میکانیزمی فرۆشتنی کۆمپانیاکە".

لە بڕگەی (ب)ـی ماددەی 13ـشدا ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئەگەری هەناردەنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە بڕگەی (‌‌آ)ـدا هاتووە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیی یان دەروازەیەکی فەرمی دیکەم ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەو بڕە نەوتە بە وەزارەتی نەوتی عێراق بە مەبەستی بەکارهێنانی لەناوخۆ بەپێی پێویستی کە وەزارەتەکە دیاری دەکات".

هاوکات لە بڕگەی (ج)ـی هەمان ماددەدا ئەوەش روونکراوتەوە، "وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەستێت بە قەرەبووکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی بڕی بەرهەمهاتووی نەوت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (آ و ب)، بەشێوەیەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە هاوتا دەکرێت بە تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان".

لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجەشدا، بڕگەی (آ) باس لەوە دەکات، کە "داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە هەناردەکراوە یان فرۆشراو لە ناوخۆ، دەخرێتە هەژمارێک کە لەبانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە و هەموو داهاتی نەوت لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خام و پێکهاتەکانی بەبێ هیچ لێبڕینێک".

لە خاڵی (ب)ـی ماددەی 14ـشدا ئەوە هاتووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای بودجە و خشتە هاوپێچکراوەکانی دەخاتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە بانکێکی متمانەپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقییەوە دەکرێتەوە، کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپێردرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و ئەو هەژمارە بانکییەش لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی دەبێت".

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.