چوونی مێسی بۆ ئینتهر میامی زۆرترین كاردانهوهی بهدوای خۆیدا هێنا

چوونی مێسی بۆ ئەمریکا و گرێبەستی لەگەڵ ئینتەر میامی دەبێتە بابەتی گەرمی میدیاکانی ئیسپانیا و جیهان، لێدوانەکانی مێسی، هاندەرانی بارسێلۆنای بێهیوا کرد و هەوڵی شەش مانگی هیلالی سعوودی پووچەڵ کردەوە کە لیۆ رایگەیاند تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا دەکات و دەچێتە ریزەکانی ئینتەر میامی.
چوونی لیۆنێل مێسی بۆ ئینتەر میامی ئەمریکی کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا دێنێت و وێنە و ناوی لیۆ مێسی دەبێتە مانشێتی رۆژنامەکانی ئیسپانیا و جیهان.
پێش ئەوەی ئینتەر میامی رێککەوتنی لەگەڵ مێسی رابگەیەنێت، ئەستێرە ئارجێنتینیەکە ئاشکرای کرد ناگەڕێتەوە بارسێلۆنا و روو لە یانەکەی دەیڤید بێکهامی ئینگلیزی دەکات، لیۆ گوتیشی: دوای بردنەوەی مۆندیال كاتێك زانیم ناتوانم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا بڕیارمدا بچمە خولی ئەمریکا و لەوێ تاقیکردنەوەیەکی نوێ بکەم و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەم.
لە رووپەڕی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ وێنەیەکی گەورەی مێسی دانراوە و نووسراوە دەچمە میامی، ئەو لێدوانەی مێسی هەموو شتێکی یەکلایی کردەوە و هاندەرانی بارسێلۆنای بێهیوا کرد و هەوڵی شەش مانگی هیلالیشی پووچەڵ کردەوە، رۆژنامەی سپۆرت بە هەمان شێوەی وێنەی چاوپێکەوتنەکەی مێسی بڵاو کردەوە و ئەمیش بە ناونیشانێکی گەورە نووسیویەتی دەچمە میامی.
جیهانی تۆپی پێ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی مێسی بوو، لیۆ لە نێوان یانەکەی پێشووی و بارسێلۆنا و هیلالی سعوودی و خولی ئەمریکی مابووەوە، پی ئێس جی هەر زوو رایگەیاند کە لیۆ مێسی ریزەکانیان جێدەهێڵێت و لە یانەکە جیادەبێتەوە، هیلالی سعوودیش ئامادەبوو بە زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ لیۆ بباتە ریزەکانی، بارسێلۆناش بەهۆی یاسای دارایی خاوێن و کێشەکانی لەگەڵ لالیگا بوێری ئەوەی نەبوو دەست بۆ مێسی ببات، دواجار ئینتەر میامی گرەوەکەی بردەوە، دەگوترێت ئانتۆنێلای هاوسەری رۆڵێکی گەورەی هەبووە کە مێسی بچێتە ئەمریکا، بەشێک لە سەرچاوەکانیش دەڵێن سپۆنسەرە سەرەکییەکانی ئێم ئێڵ ئێس لەوانە ئەدیداس و ئەپڵ کە خاوەنی مافی پەخشی ناوخۆیی خولەکەن بەشداریان لە گرێبەستەکە کردووە و رۆڵیان هەیە لە واژۆکردنی گرێبەستەکە.
له لایهكی دیكهیشهوه، پێگهی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كهتهلۆنیا ئاماژهی بۆ ئهوه كردووه میوانداریكردنی كۆپا ئهمریكای 2024 و مۆندیالی 2026 له لایهن ئهمریكا سهرنجی مێسی راكێشاوه بۆ ئهوهی ئینتهر میامی ههڵبژێرێت.