دڵشاد شەهاب: كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

" كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق هیچ وادەیەکی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکردووە"
دلشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دلشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەینێت، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. هاوکات راشیگەیاند، كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنەکانی عێراق ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دڵشاد شەهاب، گوتەبیژی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

هەروەها راشێگەیاند، دوامانکرد کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژارنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و چی دیکە دوانەکەوێت.

دڵشاد شەهاب، باسی لەوەشکرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەم هەنگاوە و کرانەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکی کارەکانیان زۆر بەئەرێنی زانی، ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانان دەستبکەن بە ئامادەسازی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

گوتەبیژی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هیچ وادەیەکی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکردووە، چونکە وەک خۆیان باسیان کرد، ئەولەوییەتی کارەکانی ئەوان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە، دوای ئەوە وادەیەک دیاریدەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

گوتیشی، حەزامان دەکرد کۆمیسۆنی خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی خۆمان بکات، بەڵام سەرپەرشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کارێکی ئاساییە و نوێ نییە، چونکە خولی دووەم، خولی سێەیەم و چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  لەلایەن کۆمیسۆنی هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەچووە.

دڵشاد شەهاب، جەختی لەوەکردەوە، ئێمە زۆرهەوڵمان دا کە خۆمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خۆمان بکەین، بەڵام  ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دوانەخرێت، هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەو بۆشاییە یاساییە دەربچێت کە پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەببات، هەوڵدەدەین بە زوترین کات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی پەرلەمان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

گوتەبیژی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان، لە درێژەی قسەکانیدا، ئەوەشی راگەیاند، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیادارێکیشی ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، کە جێگری نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و شارەزایەکانیان لە بواری هەڵبژاردن لەگەڵمان ئامادەبوون و ئامادەی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی پشتیوان هاریکاربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە وادەی کارکردنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە دوا بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش هاتووە، یەکێک لە ئەولەوەییەتی کارەکانی هاوکاریکردنی دەسەڵاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە بە گشتی.

دڵشاد شەهاب، گوتیشی، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی بەرنامەی سەردانەکانی، سەردانی سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیمان کرد، بە ناوی سەرۆکی هەرێمیشەوە بانگهێشتنامەیەکمان پێشکەشکردن کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی رێگایەکی دروست بگرینەبەر بە هەموومان بۆ ئەوەی پێگەی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و لێکتێگەشتنی تەواویشمان هەبێت لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان.

گوتەبیژی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان، لە کۆتای قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، هیچ وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە، چونکە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ئەولەوییەتی کارەکانی ئەوانە، ئەگەر  هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەویش کاتەکەی جێگیرنەکرێت، بە دڵنیایی ئەولەوییەت دەدرێتە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سوور دەبێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن.