سەرۆکی هوداپار: لە دەستووری نوێی تورکیا گۆڕانکاری لە ئاڵا و پایتەختی وڵات ناکرێت

زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هوداپار کە هاوکات ئەندامی ئەم خولەی پەرلەمانی تورکیایە لەسەر لیستی ئاکپارتی، جەختی لەسەر نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی بۆ تورکیا کردەوە و رایگەیاند، هیچ نیازێکیان نییە بۆ گۆڕینی ئاڵا و پایەتەختی تورکیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی حوزەیرانی 2023) زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار و پەرلەمانتاری ئەو پارتە لەسەر لیستی ئاکپارتی رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەکیان نییە لەبارەی گۆرینی ئاڵا و زمان و پایتەختی تورکیا بەڵکو دژی ئەو ماددەیەن کە دەڵێت چوار ماددەی یەکەمی دەستوور گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت.

سەرۆکی هوداپار راشیگەیاند، گرنگترین ئەرکی پەرلەمان نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنییە و پێویستە لە نووسینەوەی دەستووردا هێڵە سوورەکان بەلاوەبندرێن، چونکە ئەگەر هێڵە سوورەکان بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ ناتوانن دەستوور بنووسنەوە.

زەکەریا یاپیجیئۆغڵو گوتیشی، "هەموومان خاوەن هێڵی سوورین بەڵام پێویستە لە نووسینەوەی دەستووردا هێڵە سوورەکان بەلاوەبنێین، چونکە ئەگەر هێڵە سوورەکان بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ ناتوانین بەیەک بگەین و دەستوور بنووسینەوە".

هەروەها سەرۆکی هوداپار روونیکردەوە، "ئێمە باس لە گۆڕینی هیچ ماددەیەکی دەستوور ناکەین، هیچ جۆرە لێدوانێکیشمان لەوبارەیەوە نەبووە، تەنیا باس لەوە دەکەین کە ناکرێت ماددەیەک دابنێیت و بڵێت بەهیچ شێوەیەک ئەم ماددەیە گۆڕانکاری تێیدا ناکرێت و هیچ کەسیش بۆی نییە بیگۆڕێت، ئەمە شتێکی هەڵەیە".

لەبارەی گۆڕانکارییەکانی دەستوور، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو رایگەیاند، "باس لە گۆڕینی ئاڵا و زمان و پایتەختی وڵات ناکەین، تەنیا دەڵێین هیچ ماددەیەک نەبێت ئاماژە بەوە بدات کە ناکرێت ماددەکان بگۆڕێن، ئەم جۆرە سیاسەتە قۆرخکردنی ئیرادەی نەوەکانی داهاتووە".

دوای کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە لە (14ـی ئایاری 2023) بەڕێوەچوو، کە ئاکپارتی بە بەدەستهێنانی 268 کورسی بە هێزی یەکەمی پەرلەمانی تورکیا مایەوە و لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار بە سەرۆک کۆماری تورکیا مایەوە، جەختیان لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا کردەوە.

ۆژی هەینی (2ـی حوزەیرانی 2023)، خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا سوێندنی یاساییان خوارد کە لە (14ـی ئایاری 2023) هەڵبژێردران.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێنا.

یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار ئەنجامدەدرێت و چەند پارتێکی نوێش بۆ یەکەمینجارە نوێنەریان هەیە.

لە هەڵبژاردنی 14ـی ئاداری پەرلەمانی تورکیا، 15 پارتی سیاسیی توانییان لە خولی نوێ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن، کە ژمارەیەکیان یەکەمین جارە دەگەنە پەرلەمان و سێ پارتی خولی پێشووش شکستیان هێنا لە شکاندنی بەربەستی یاسایی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سێ پارتی سیاسی خولی پێشوو نەیانتوانی لە هەڵبژاردنی 2023ـدا بەربەستی یاسایی (7%) تێپەڕێنن کە بریتین لە پارتی زەفەر، پارتی نوێکاری و پارتی یەکگرتووی گەورە.

هەروەها ئەو پارتە سیاسییە نوێیانەی توانییان مافی نوێنەرایەتیکردن بەدەستبێنن لە پەرلەمانی تورکیا، بریتین لە چەپی سەوز کە نوێنەرایەتی هەدەپە دەکات، پارتی یەنیدەن رەفا، پارتی داهاتوو، پارتی دەڤا، پارتی چەپی دیموکرات، هوداپار و پارتی گۆڕانکاری تورکیا.

بەگوێرەی یاساکانی تورکیا، هەر لایەنێک زیاتر لە 300 کورسی بەدەستبهێنێت، دەتوانێت پرۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و رەزامەندی خۆی بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار دەرببڕێت بە پەسەندکردن یاخود رەتکردنەوە.

هاوکات هەر لایەنێک بگات بە 360 کورسی یان زیاتر، مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی دەبێت لەبارەی هەر بابەتێک کە پێویستییەتی. جیا لەوەش هەر لایەنێک 400 پەرلەمانتار یان زیاتری هەبێت لە پەرلەمان، دەتوانێت گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات.

پەرلەمانی تورکیا لەم خولەدا لە 600 کوسی پێکهاتووە و بەسەر 87 بازنەی هەڵبژاردن لە 81 پارێزگاکەی تورکیا دابەشکراوە کە زۆرترین کورسی لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیرە.